لە سلێمانی زەرفی كاغەز شوێنی نایلۆن دەگرێتەوە

لە سلێمانی بەكارهێنانی زەرفی كاغەز لە سەمونخانە و نانەواخانەكاندا شوێنی زەرفی نایلۆن دەگرێتەوە و سەرۆكی لیژنەهابەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیش هۆكارەكەی بۆ  زیانە تەندروستیەكانی زەرفی نایلۆن دەگەڕێنێتەوە.


لە چەند رۆژی رابردوودا قائیمقامیەتی سلێمانی بڕیاردا "زەرفی كاغەز لەبری زەرفی نایلۆن" لە نانەواخانە و سەمونخانەكاندا بەكاربهێندرێت و لیژنەیەكیشی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە پێكهێناوە و  ئەركی لیژنەكە بەدواداچون و ئاگاداركردنەوەی هەموو سەمونخانەو نانەواخانەكان دەبێت بۆ پابەندبونیان بە بڕیارەكەوە.

بەگوێرەی لێدوانێکی نووسراوی گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، لیژنەكە دەستی بەكارەكانی كردووە و ڕۆژانە سەردانی سەمونخانە و نانەواخانەكانی سلێمانی دەكات و دوای ڕوونكردنەوەی هۆكاری بڕیارەكەی قائیقامیەتی سلێمانی پابەندیان دەكات بە جێبەجێكردنی بڕیاری  بەكارهێنانی "زەرفی كاغەز لەبری زەرفی نایلۆن".

گۆران قادر، باسی لەوەش کردووە، کە بەپێی ئەو بەدواداچون و توێژینەوانەی كراوە و بۆچونی پسپۆڕانی تەندروستیش وەرگیراوە دەركەوتووە بەكارهێنانی زەرفی نایلۆن بۆ "سەمون و نانی گەرم" دەبێتە هۆی كارلێكردنی هەندێك مادەی زیان بەخش كە زیان بەتەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.

هەر لە لێدوانە نووسراوەکەدا، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند: بۆ پاراستنی تەندروستیی هاوڵاتیان قائیقامیەتی سلێمانی بڕیاری قەدەغەكردنی زەرفی نایلۆنی داوە و بڕیارەكەش لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە جێبەجێ دەكرێت.

ش.ف