لە سلێمانی چلەی شەهید دیار بەڕێوەدەچێت 

لە شاری سلێمانی، مەراسیمی چلەی ماتەمینیی شەهید دیار غەریب بەڕێوەدەچێت، لە چوار پارچەی وڵاتیشەوە بۆ بەشداریی لەو مەراسیمە ڕوو لە سلێمانی کرا.


پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، چلەی ماتەمینیی شەهید دیار غەریب(هەڵمەت) ئەندامی کۆنسەی گشتی بەڕێوبەرایەتی کەجەکە، لە بەردەم ماڵی باوکی دیار غەریب لە گەڕەکی بەختیاری لە شاری سلێمانی، بەڕێوەچوو.

مەراسیمەکە بە دروشمی "بە ڕۆحی هەڤاڵ هەڵمەت شۆڕشی دیموکراتی باشوری کوردستان بەرپا دەکەین و هێڵی خیانەتکاریی بنبڕ دەکەین"، بەڕێوەدەبرێت و بە سەدان کەس لە کەسایەتیی سیاسیی، پەرلەمانتار، هونەرمەند، ڕۆشنبیر، کەسوکاری شەهیدان، مامۆستایانی ئاینیی، نوێنەری کۆدار، پژاک، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، نوێنەرانی پەیەدە، خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان و هەدەپە و چەندین توێژی جیاوازی دیکە تیایدا ئامادەن.

هەروەها، وڵاتپارێزان لە ناوچە جیاجیاکانی باشوری کوردستانەوە ڕوویان لە سلێمانی کردووە و ئامادەی مەراسیمەکەن.

وێنەی هەریەک لە عەبدوڵا ئۆجالان و شەهید دیار غەریب و زەکی شەنگالی و مەعسوم کۆرکماز هەڵواسراون و سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی و داگیرساندنی مۆم لەلایەن خانەوادەی دیار غەریب و خانەوادەی شەهیدانی دیکەوە دەستیپێکرد، هەروەها لە نامیلکەیەکدا کورتەیەک لە ژیانی دیار غەریب پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

دواتر پەیامی خانەوادەی دیار غەریب لە لایەن د.ڕزگاری برایەوە و خوێندرایەوە و تیایدا بەڵێنی بەردەوامییدا بە ڕێبازی شەهید دیار درا و ڕایانگەیاند: ئەرکی ئێمە بە شەهیدبوونی دیار غەریب قورستر بووە و ڕێگاو ڕێبازی بەرنادەین.

هەروەها، پەیامی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لەلایەن غەریب مەحەمەد-ەوە خوێندرایەوە، کە تێیدا هاتبوو: دیار غەریب لە نەبوونەوە هەبوونی خوڵقاند و ئێمە هەموومان خۆمان بە قوتابی ئەو و خانەوادەکەی دەزانین، چونکە قوتابخانەی هەموومان بوو و گەورەترین کۆسپ بوو لە بەردەم داگیرکەران، لە تۆڵی هەڤاڵ هەڵمەت تۆڵەی هەموو شەهیدان دەکەینەوە و کۆتایی بە خیانەت دەهێنین.

پاشان سەردار ستار، پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکەی خوێندەوە، کە تێیدا باس لە ڕۆڵ و کەسایەتی دیار غەریب کرابوو، ئەوەش هاتبوو: هەر شەهیدبوونێک زیاتر سوورمان دەکات لە پێناو خەبات کردن و بە خانەوادەی شەهید دەڵێین کە ئێوە نمونەی خێزانێکی شۆڕشگێڕن و ئەوە سەلمێندراوە کە گەلی کورد هیچ کات کۆڵ نادات، گوندی سێوسێنانی کە زێدی لە دایکبوونی هەڤاڵ هەڵمەتە و وەک ژیلەمۆی ژێر خۆڵ هەر دەگەشێتەوە، وەک چۆن خەڵکی باشور بە هەمووشێوەیەک لە هەڵوێستەکانیان بەردەوام بوون، بە ڕۆحی هەڤاڵ هەڵمەت داگیرکاری بنبڕ دەکەین و ڕێبازی شەهید هەڵمەت لەبیر ناکەین.

هەر لەو مەراسیمەدا پەیامی هەریەک لە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، ژنانی شۆڕشگێڕی باشور و چەنیدن پەیامی دیکە خوێندرانەوە و مەراسیم بەردەوامیی هەیە.

ش.ف