لە سنووری ١٢ شارەوانیی پاککردنەوەی شار ڕاگیرا

١٢ شارەوانیی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، کرێکارەکانی دەستیان لە پاککردنەوە هەڵگرتووە، ئەوەش بە هۆکاری نوێ نەکردنەوەی گرێبەستی کارکردنیان لەلایەن کۆمپانیای پاککەرەوەوە، ئەوەش بوەبەهۆی کۆبوونەوەیەکی زۆری خۆڵوخاشاک، شارەوانیش دەڵێت لەسەرخەتن بۆ چارەسەریی.


بە پێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنیوز لە بەرپرسانی كۆمپانیای گارێكس لە سنووری شارەزوور وەریگرتووە، گرێبەستی فەرمی كۆمپانیاكە لە ١٥-١-٢٠١٦ بۆ ١٥-١-٢٠١٩ کراوە بەمەبەستی پاكکردنەوەی خاشاكی سنوورەکە، دواتر كاتەكەی درێژكراوەتەوە بۆ ١٥ی مانگی ٧، و بەردەوام بوون لە کارەکانیان تا سەرەتای ئەم مانگە، ئەمڕۆش دوو ڕۆژە لە سنووری ١٢ شارەوانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دەستیان بەمانگرتن كردووە، کە (شاری هەڵەبجە، شارەدێی سیروان، شارۆچکەی شارەزوور، شارەدێی وارماوا، شارۆچکەکانی سەیدسادق و پێنجوێن، و شارەدێیەکانی تەوێڵە، بیارە، خورماڵ، گەرمك، ناڵپارێز، بەرزنجە و عەربەت.

کاری ئەو کرێکارانە تەنها پاککردنەوە نییە، بەڵکو ئاودانی دارەکانی سنوورەکانی خۆیانە، کە لەکاتی ئاونەدانیان مەترسی وشکبوونیان هەیە.

دەربارەی چارەسەرکردنی گرفتی کرێکاران، سالار ئەحمەد سەرۆكی شارەوانی شارۆچكەی شارەزوری سەربە پارێزگای سلێمانی، بە ڕۆژنیوزی وت: كێشەكان دوو بەشە لە سنووری شارەوانی شارەزوردا، ئەویش ئەوەیە كۆمپانیای پاككەرەوەی گارێكس ماوەی سێ مانگە سولفەیان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ دابین ناكرێت، كێشەیەكی دیكەشیان ئەوەیە ماوەی گرێبەستەكەیان تەواوبووە، نە ئەوەیە تەندەری تازەیان بۆ بێت، نە ئەوەتا گرێبەستەكەیان بۆ درێژبكرێتەوە.

سالار ئەحمەد ڕاگرتنی كارەكانی كۆمپانیاكەی بە گرفتێكی گەورە ناوبرد و وتیشی: ژیانی ئەگەر ڕۆژێك زبڵ هەڵنەگیرێتەوە كارەسات ڕودەدات، ئەمڕۆش دوو ڕۆژە هیچ زبڵ و خاشاكێك لە سنوورەكەدا هەڵنەگیراوەتەوە و بازاڕو كۆڵانەكان ژیانی تێدا ئەستەم بووە، پێویستە چارەسەری بەپەلە بۆ كێشەكە بدۆزرێتەوە، هەرچەندە هەموو سەرۆكی شارەوانییەكان بە پارێزگاكانیشەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرە ئیدارییەكان هەموویان لەسەر هێڵن، بەڵام تا ئێستا گرفتەكە چارەسەر نەكراوە.

ئەوەشی وت: ئەگەر كێشەكە چارەسەرنەبێت كارەساتێكی ژینگەیی زۆر قورس ڕودەدات، وەك شارەوانیش هیچ كرێكارو ئامێرێكمان لانەماوە زۆر قورسە  ئەو كەرتە وەربگیرێتەوە خۆمان ئیدارەی بدەین، چاوەڕوانی ئەو كەسانەین بڕیاربەدەستن لە ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی شارەوانی، داواكارین ئەم كێشەیە چارەسەری بكەن.

س.ح