لە شارەزوور چاندنی تۆوی ترۆزی دەستیپێکرد

جوتیارانی دەشتی شارەزوور، دەستیانكرد بە وەشاندن و چاندنی تۆوی ترۆزی لەزەوییەكانیاندا، ترۆزی لە ڕووی چاندنەوە دێمی و بەراوی هەیە، وەک جوتیارانی سنورەکە دەڵین: ئێستا گونجاوە بۆ چاندنی ترۆزیی دێمی چونکە پێویستی بە ئاودان نییە و تەنها پێویستی بە ٢  بۆ ٣ باران هەیە بەسەریدا ببارێت.


ترۆزی، یەکێکە لەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەی کە لە جیهاندا و بە تایبەت لە هەرێمی کوردستاندا خواستی زۆری لەسەرە لەگەڵ ئەوەی زۆرتر وەک زەڵاتە لەناو ترشیاتدا دەخورێت، بەڵام زۆرجار وەک میوەش پیشکەشی میوانان دەکرێت، بەو هۆیەوە جوتیارانی سنوری شارۆچکەی شارەزووری سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە سەرەتای هاتنی وەرزی بەهاردا دەست بە چاندنی تۆوی ترۆزی دەکەن لە زەوییەکانیاندا و بەهۆی بە پیتی خاکی ناوچەکەشەوە ترۆزی دەشتی شارەزوور ناوبانگێکی باشی هەیە و خاکەکەی گونجاوە بۆ ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییە. 

ئەو ترۆزییەی لەم وەرزەدا دەكرێت، پێی دەوترێت ترۆزی دێمی و زیاتر لەبناری شاخەكاندا دەکرێت و زەوییەكەی وشكە و پێویستی بە ئاودانی زۆر نییە و تەنها پێویستی بە ٢  بۆ ٣ باران هەیە، پشت بەهیچ جۆرە ئاوێكی جۆگە نابەستێت.

لەو زەویانەشی کە دەکەوێتە پێدەشتەكانەوە بەهۆی تەڕی زەوییەكەوە ساڵانە لە مانگی چواردا دەچێنرێت، لەڕووی جۆرەوە ترۆزی چەند جۆرێکە کە دیارترین ئەو جۆرانەی لە شارەزوور بەرهەم دەهینرێت بریتییە لە ترۆزی كوردی و موسڵی-یە.

نرخی یەك كیلۆ تۆوی ترۆزی كوردی بە ١٠ هەزار دینارە، تۆوی ترۆزی موسڵیش بە ٢٥ هەزار دینارە، ئەو ساڵەی باران زۆر بێت ترۆزی دوای کردنەوەی ئاگری نەورۆز واتا لەدوای ٢٠-٣ دەچێنرێت، بەڵام هەر ساڵێك باران كەمببارێت پێشكردنەوەی ئاگری نەورۆز دەست دەكرێت بەچاندنی.

حەسەن كەریم، جوتیارێكی دەشتی شارەزوورە، بەدەم وەشاندنی تۆوی ترۆزییەوە بۆ ڕۆژنیوز، وتی "ئەم وەرزە وەرزی چاندنی تۆوی ترۆزییە، ئێمە چەند جۆرێك ترۆزیی دەكەین وەك موسڵی، كوردی هەرەوەزی، باشترینیان موسڵییە لەكاتی پێگەشتنەكەیدا ترۆزییەكی ناسك و درێژ بەرهەمەكەیەتی لەبازاڕدا باش دەفرۆشرێت".

وتیشی: "ئەمەی ئێستا دەیكەین ترۆزی كوردیی هەرەوەزییە، کە لە مانگی چواردا پێدەگات، ئەو زەوییەشی ترۆزی تێدا دەكرێت چەوڵۆكی هەبێت واتە (بەردی هەبێت) باشتر پێدەگات كە لەبناری شاخەكانە، بەڵام لەو زەوییانەی زۆنگن و لەپێدەشتەكانن کەمتر بەرهەمدێت.

ئەو جوتیارە کە ماوەی ٦ ساڵە لە زەوییەکەیدا تۆوی ترۆزی دەوەشێنێت، لە بارەی کارەکەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە "ئەو كەسەی تۆوی ترۆزییەكە دەوەشێنێت، دەبێت شارەزایی هەبێت تێیدا، ئەگەر پڕ بوەشێنرێت ترۆزییەكەی باش نابێت و دەفەوتێت، بەڵكو دەبێت مامناوەند تۆوەكە بوەشێنرێت، چونكە ئەگەر پڕبێت بەرهەمەکەی خراپ دەبێت و لەبازاڕدا پارە ناكات".

سەرچڵ عەبدولڕەحمان، کە بەهەمانشێوە خەریكی چاندنی تۆوی ترۆزی بوو، وتی: ئەم ترۆزییەی ئێستا دەیكەین دێمیە و لە سەرەتای بەهاردا لەم وەرزەدا دەكرێت، تەنها بە باران سەوز دەبێت و پێویستی بە ئاودانی دیکە نییە، لەوەرزی هاوینیشدا زۆرجار ترۆزیی دەكرێت پێی دەوترێت بەراو، بەڵام ئەو جۆرەیان پێویستی بەئاودانی زەوییەكەی هەیە.

ک.س