لە شتوتگارت سوتاندنی دارستانەکانی دەرسیم شەرمەزار کرا

بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای تورک بۆسەر دارستانەکانی دەرسیم، ئاگر لەو دارستانانە کەوتووەتەوە، لەدژی ئەو تاوانەی دەوڵەتی تورک، لە شتوتگاری ئەڵمانیا چالاکییەکی ناڕەزایی ئەنجام درا.


پاش ئەوەی هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، بانگەوازیی کرد بۆ هەڵوێست پیشاندان لەدژی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە ژینگەی کوردستان، ئێوارەی دوێنێ لە شتوتگارت گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

خۆپیشاندەران ژمارەیەکی زۆر پانکاردیان بەدەستەوە گرت و بەرزیان کردەوە، کە لە سەریان نووسرابوو، قڕکردنی فیزیکی و کلتوری لە دەرسیم ئەنجام دەدرێت.

هەروەها دروشمی "دەرسیم ئابڕووە، پشتگیریی ئابڕووتان بکەن - کوردستان دەبێتە گۆڕستانی فاشیستان" وترایەوە.

پاشان هونەرمەند حەسەن ساغڵام سرودی دایە دایەی وتەوە و کۆتایی بە خۆپیشاندانەکە هات.

س.ح