لە شەنگال ١٥ هەزار دۆنم دەغڵودان سووتاوە

شارەوانی گەلی شەنگال ڕایگەیاندووە، کە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکاندا، ١٥ هەزار دۆنم دەغڵودانی جوتیاران سووتاوە.


وەک ناوچەکانی دیکەی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمساڵ بەهۆی ئاگرکەوتنەوە گوماناوییەکان، نزیکەی ١٥ هەزار دەغڵودانی جوتیارانی شەنگال سووتاوە و زیانێکی زۆری بە هاوڵاتیان گەیاندووە.

شارەوانی گەل، سەربە ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی شەنگال، لەسەر ئاگر کەوتنەوەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێدا هاتووە: هەروەک دەزانرێت لە دەستپێکی وەرزی هاوینەوە چەندینجار ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە شەنگال ڕوویداوە و زیانێکی زۆری بە هاوڵاتیان و جوتیارانی ئێمە گەیاند، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار هاوکاریی جوتیارانی ئێمە نەکردووە، بە تایبەت لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکان، ڕێکخراوە حکومییەکانی موسل ئەرکی خۆیان جێبەجێی نەکردووە.

چوار کەس گیانیان لەدەستداوە

شارەوانی گەل لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بە گیان لەدەستدانی چوار کەس کردووە بە هۆی ئەو ئاگرکەتنەوانەوە، هەروەها هاتوو: دەرفەتەکانی بەردەستی ئێمە وەک شارەوانی گەل زۆر کەمن، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هاوکاریی جوتیارنمان کردووە و دوای ئاگرکەتنەکانیش دەستمان بە لێکۆڵێنەوە کردووە، بەپێی لێکۆڵێنەوەکانمان لە شەنگال و دەوروبەری ١٥هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دەغڵودانی هاوڵاتیان سووتاوە، هەروەها ٨٠ دۆنم باخ و باخچەی هاوڵاتیانیش ئاگری تێبەربووە و سووتاوە، لە ئەنجامی ئەو ئاگرکەوتنەوانەش چوار هاوڵاتیمان گیانیان لەدەستداوە.

ئاگرکەوتنەوەکان بەردەوامن

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئاگرکەوتنەوەکان تا ئێستاش بەردەوامە و مەترسی هەیە کە ئاماری ئاگرکەوتنەوەکان زیاتر ببن، لەسەر ئەمە بانگ لە خەڵکەکەمان دەکەین لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکان هاوکاریی شارەوانی بکەن، تا بتوانین پێش لە زیان و مەترسییەکان بگرین.

س.ح