لە قەرەداغ و سەنگاو ٣٥٠٠ دۆنم پووش و پاوان و سەدان دار سووتان

پۆلیسی دارستان ڕایگەیاند، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە و کاریگەرە خراپەکانی ڕوو لەزیاد بوون کردووە، بەو هۆکارە لە دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە نزیکەی ٣٥٠٠ دۆنم پوش و پاوان و سەدان داری سرووشتی لە سنوورەکانی قەرەداغ و سەنگا سووتا   .


بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەمڕۆی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای  سلێمانی، لە سنووری پارێزگاکە ٣٥٠٠ دۆنم پووش و پاوان سووتاون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئاگریکی بەرفراوان لەشاخی گڵەزەردەو دارەڕەش و سنووری گوندەکانی   ( قارەمان و بانی خێڵان و باخان و سوێراو)ی سەر  بە قەرداغ کەوتەوە، دەست بەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەداغ گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە و توانرا بەهاوکاری ئاگرکوژێنەوەو هاوڵاتیانی سنوورەکە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، زیانی ئاگرەکە سوتانی نزیکەی ١٥٠٠ دۆنم پووش و پاوان و داری سروشتی بووە.

هەروەها هاتووە:"لە سنووری چیای (ئەشداخ) ی ناوچەی سنگاو، ئاگرێکی بەرفراوان کەوتەوە، دەست بەجێ مەفرەزەکانی بنکەی  پۆلیسی دارستان و ژینگەی سنگاو گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە و توانرا بە هاوکاری هاوڵاتیانی سنوورەکە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، زیانی ئاگرەکە سووتانی دووهەزار دۆنم پووش و پاوان و ٢٠٠ داری سروشتی بووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیس، ئاگرکەوتنەوەکان بەراورد بە ڕابردوو زیادیان کردووە، هەروەها ڕاگەیەندراوە "هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان نادیارەو لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان بەردەوامە".

س.ح