لە كفری و خانەقین پێنج هه‌زار دۆنم گه‌نم و ده‌ڕاسه‌یه‌ك سووتان

له‌ سێ ڕووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی جیاجیادا، له‌ سنوری شارۆچكه‌ی كفری و خانەقین، زیاتر له‌ پێنج هه‌زار دۆنم زه‌وی گه‌نمی جوتیاران و ده‌ڕاسه‌یه‌كی دروێنه‌ كردن سوتا و چه‌ند هاوڵاتیه‌كیش ده‌ستبه‌سه‌ر كران.


شه‌وی ڕابردوو، له‌ سنوری شاره‌دێی كۆكسی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی كفری ئیداره‌ی گه‌رمیان، ده‌ڕاسه‌یه‌ك سوتا، هه‌روه‌ها له‌ باشووری هه‌مان شارۆچكە و له‌شاره‌دێی زنانه‌ ئاگر كه‌وته‌وه‌ و زیانی زۆر به‌ر جوتیاران كه‌وت.

له‌ گوندی گڵاباتی سه‌ر به‌شاره‌دێی جه‌باره‌ی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی خانه‌قینیش، كه‌ ده‌كه‌وێته باشووری شارۆچكه‌ی كفری‌، به‌هۆكاری نادیار ئاگر كه‌وته‌وه‌ و تا دره‌نگانێكی ئیواره‌ی دوێنێ به‌رده‌وامی هه‌بوو، به‌و هۆیه‌وه‌ سێ هه‌زاردۆنم گه‌نم سوتا و دوای نزیكه‌ی شه‌ش كاتژمێثر و نیو ئاگره‌كه‌ كۆنترۆڵكرا.

هه‌روه‌ها، له‌ گونده‌كانی چاوه‌ریی و ساڵه‌یی و دوڕاجی له‌ سنوری شاره‌دێی زنانه‌، ئاگرێك كه‌وته‌وه‌ و بووه‌ هۆی سوتانی ١٥٠٠دۆنم زه‌وی، هه‌روه‌ها به‌بڕیاری به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی زنانه‌، شۆفێری ده‌ڕاسه‌یه‌ك و سێ هاوڵاتی دیكه‌، به‌ گومانی هۆكاری سوتانی ده‌غڵودانی جوتیاران ده‌ستبه‌سه‌ركراون‌ و لێكوڵینه‌وەیان لهگه‌ڵ ده‌كرێت.

هه‌ر دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو، له‌ گوندی پیره‌ فه‌قیره‌ی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی كفری، ٥٠٠ دۆنم زه‌وی سوتاوه‌ و ده‌ڕاسه‌یه‌ك له‌كاتی دروێنه‌ كردندا به‌ ته‌واوه‌ی سووتاوه‌ و سه‌دان دۆنم زه‌وی و باخ و كشتوكاڵی جوتیارانیش له‌ ئاگر ڕزگاركراون.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی ڕۆژنیوز، ئه‌و پێنج هه‌زار دۆنم زه‌وییه‌ی سوتاوه‌، ده‌غڵودان و پوش و پاوانی جوتیارانه، هه‌روه‌ها تا ئێستا  نه‌زانراوه‌ هۆكاری كه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگرانه‌ی كه‌وتوه‌ته‌وه‌ چی بووه‌، تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی كه‌ركوك و سه‌رقه‌ڵا و هاوڵاتیان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ئه‌ركیان بینیوه‌ له‌ كۆنترۆلكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگرانه‌ی له‌و ناوچانه‌ كه‌وتونه‌ته‌وه‌.

ک.س