لە هەرێمى کوردستان لەبەر نەبوونی نەوت بڕینەوەی دار زیادی کردووە

لە هەرێمى کوردستان، بە هۆى ئەوەی سووتەمەنی پێویست بەسەر هاوڵاتییانى نیشتەجێى ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشناکرێت، بڕینی دار زیادی کردووە، ئەمەش کاریگەری لە سەر ژینگە دروستدەکات، بۆیە پۆلیسى دارستان، لەماوەى شەش مانگدا ٣٥ هاوڵاتى لەسەر بڕینى دار دەستگیرکردووە.


لەگەڵ هاتنى وەرزى پایز-دا، بڕینى دار لە ناوچە شاخاوییەکانى هەرێمى کوردستان زیادى کردووە، لە وەرزى هاوین-یشدا، بەهۆى تۆپباران و بۆردوومانەکانى ئێران و تورکیا، دارستانەکان دەسووتێن، ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە نەدۆزرێتەوە ئەوە کاریگەرییەکی نەرێنی لە سەر ژینگەی کوردستان دەبێت.

هێمن کەمەرخان، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتى پۆلیسی دارستنەکانى سلێمانى، لە سەر زۆربوونی بڕینی دار لەلایەن هاوڵاتیانەوە و هەوڵەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە بڕینى دار، بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و وتی: ئێستا وەرزی زستانە و بە هۆی ئەوەی بە گوێرەی پێویست نەوت دابەش ناکرێت لە ناوچە کوێستانییەکان، بڕینی دارەکان دەستی پێکردووە، بەڵام ئێمەش وەک پۆلیسی دارستانەکان تیمەکانمان لەو ناوچانە زیاد کردووە، بۆ بڕینی دارەکان ڕێنماییمان هەیە، بەپێ پێوەرەکان پەلی دارەکان بۆ بڕینە، نەک دارەکە بە گشتی، چونکە ئەگەر دارەکە لە بنەوە ببڕدرێت، وشک دەبێت و ئیتر شین نابێت، بەڵام ئەگەر لق و پۆپی دارەکان ببڕدرێت، دەبێتە هۆی گەشەکردنی دارەکان.

هەورها ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، کە هەندێک کەس بۆ بەرژەوەند مادی دارەکان دەبڕن و وتى: ئێمە دەزانین دۆخی هاووڵاتیان لە ناوچە شاخاویەکان و شوێنە ساردەکان چۆنە، هاووڵاتیان دەتوانن بە پێ یاسا سوود لە دارستانەکان ببینن، بەو مەرجەی لەگەڵ ئەو لێژنانەی لەو ناوچانە داندراون پەیوەندی بکەن و ئاگاداریان بکەنەوە، بەڵام هەندێک کەس بۆ بازرگانی کردن دارەکان دەبڕن و ئێمە قبوڵی ناکەین، ئێمە ئەوکەسانە دەستگیر دەکەین و تەسلیمی دادگایان دەکەین.

بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستانەکانی سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا، کە لە ناو شەش مانگی دەستپێکی ئەماساڵدا بە هۆكاری بڕینی دارەکان ٣٥ کەس دەستگیرکراون و بە پێ یاسا سزاى مادى دراون، کە لە بڕەکەى لە ١٠٠ هەزارەوە دەستپێدەکات تا دوو ملیون دینار.

د.ع