لە هەولێر لافاو بەشێک لە شەقامەکان دادەپۆشێت - نوێکراوەتەوە

بارانبارین و کۆبوونەوەی ئاو و لافاو، بەشێک لە شەقام و کۆڵانەکانی شاری هەولێری داپۆشیوە و بەو هۆیەشەوە ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییان درووستبووە، هاوڵاتیان و شۆفێرانیش نیگەرانن لە کەمتەرخمییەکانی حکومەت لەو بوارەدا.


بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ڕووی لە شاری هەولێر کردووە، لافاو لە بەشێک لە شەقامەکانی ناو شار و گەڕەکەکان دروستبووە.

کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو لەهەریەکە لە گەڕەکەکانی، سەیداوە، كوردستان، ئیسكان و گلكەند و پیشەسازی، بەتایبەت لە شەقامی مەخمور بەرامبەر پیشەسازی باکور، شەقامی سەد مەتری لە چواڕیانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا، سی مەتری خوار پردی سەیداوای ناو شاری هەولێر دروستبووە و بەو هۆیەشەوە ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییان درووستبووە، جگە لەوەش بەشێک لە هاوڵاتیان ئۆتۆمبێلەکانیان کوژاوەتەوە و زیانیان بەرکەوتووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کەشناسی لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٥ ملیمەتر بارانباریووە.

بەهۆی کەمی و خراپی ئاوەڕۆکانی ناوشاری هەولێر، ساڵانە لە وەرزی بارانباریندا، لەگەڵ بارینی چەند ملیمێک بارانبارین بەسەریەکەوە، ئاو لە بەشێک لە شەقام و کۆڵانەکاندا کۆدەبێتەوە و بەو هۆیەشەوە تائێستا دەیان ماڵ و شوێن زیانیان بەرکەوتووە، ئەوەش نیگەرانی هاوڵاتیان و بەتایبەت شۆفێرانی لێکەوتوەتەوە.

لەو بارەیەوە شێرزاد واحید، یەکێک لە شۆفێرەکان بە ڕۆژنیوزی وت: بێگومان دیارە ناڕێكوپێکی شەقامەكە و نەبوونی پلانێكی باش و تۆكمە بۆ شەقامەكان هۆكاری سەرەكی دروستبوونی ئەو لافاوەیە، من لە بەیانیەوە لە كاتژمێر هەشتەوە لێرەم لە كۆیەوە هاتووم، لەو بانكە مامەڵەم هەبوو نەمتوانیوە بچمەژوورەوە بەهۆی ئەو لافاوەوە.

وتیشی: ئەگەر ئەو پارەیەی لە ئێمەی شوفێر وەردەگیرێت بۆ ڕێگاوبان و ژینگە خەرج بکرایە ئەو لافاوە دروست نەدەبوو.

عەبدوڵا محەمەد، شوفێرێكی دیکەیە، پێیوایە ئەگەر ئاوەڕۆکان نەگیرانایە و باش دروست بکرانایە ئەوە لافاو دروست نەدەبوو، هەروەها ئەگەر ئەو پارەیەی لە شوفێران وەردەگیرێت بە ناوی ژینگەوە لە ڕێگاو بانەكان خەرجبکرایە ئەوا دۆخەكە بەوشێوەیە نەدەبوو.

لەبارەی ڕێژەی بارانبارینەوە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێژەی بارانبارینی خستەڕوو کە زۆرترین ڕێژەی بارین لە ناوچەی دینارتەی سەر بە پارێزگای دهۆك بە بڕی ٣١ ملیم باریوە لە شاری هەولێریشیش  ١٥.٢ ملیم و لە سلێمانی ٦.٩ ملیم باریوە.

ک.س