لە ٢٤ کاتژمێردا نزیكەی ٧٠٠ دۆنم پوش و پاوان و ٧ هەزار دار سوتان

لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە سنوری سێ شارۆچکەی سەر بە پارێزگای سلێمانی، نزیكەی ٧٠٠ دۆنم پوش و پاوان و زیاتر لە ٧ هەزار داری سروشتی سووتان.


سێ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە سنوری شارۆچکەکانی چەمچەماڵ، قەرەداغ و دووکان ڕوویاندا.

لەو بارەیەوە هێمن کمرخان ئەفەندی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای  سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆکارێکی نادیار ئاگرێکی بەرفراوان لە سنوری گوندەکانی (کانی خاکی و شاخی دلکە)ی سەر بە شارەدێی سەنگاو لە شارۆچکەی چەمچەماڵ کەوتەوە و دواتر مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سەنگاو بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوە و هاوڵاتیانی سنورەکە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیانداوە، بەڵام بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی ٦٠٠ دۆنم پوش و پاوان لەگەڵ ٧ هەزار داری سروشتی سووتاون.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان، ئەوەشیخستەڕوو ئاگرەکەی سنوری شارەدێی سەنگاو، بەرەو سنورەکانی قەرەداغ فراوان بووە و لە سنوری چیاکانی گوندی (خاوێ، کەسنەزان و بەرزاییەکانی سێ کەلان) ئاگرێکی بەرفراوان کەوتەوە، دواتر مەفرەزەکانی بەش و بنکەی پۆلیسی دارستان، ژینگەی قەرەداغ، سێوسێنان و خاڵی وەزیارە بە هاوکاری لەگەڵ ئاگر کوژێنەوەی قەرەداغ و فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە و هاوڵاتیانی سنورەکە توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و ڕێگە لە زیاتر تەشەنەکردنی بگرن، بەڵام لەو سنورەش نزیکەی ٥٠ دۆنم لە پوش و پاوان و داری سروشتی ناوچەکە سووتاون.

لەلایەكی دیکەوە لە  گوندی (فریزەڵی) سەربە شارەدێی خەلەکانی شارۆچکەی دوکان بە هۆکاری نادیار ئاگرێکی بەرفراوان کەوتەوە دواتر مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خەلەکان بەهاوکاری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دووکان گەیشتونەتە شوێنی ڕووداوەکە لەگەڵ هاووڵاتیانی سنورەکە توانیان لەماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە کونترۆڵ بکەن و زیانی ئاگرەکەش سوتانی زیاتر لە ٢٥ دۆنم پوش و پاوان بووە.

ک.س