لە گەرمیان نەمامێک بچێنیت پەرتوکێک بە دیاری وەردەگریت

لە گەرمیان گروپێک گەنجی خۆبەخش کەمپینێکیان ڕاگەیاندووە لە ژێر ناوی" نەمامێک بچێنە و پەرتوکێک بە دیاری وەربگرە"، ئامانجیشیان لەم کەمپینە سەوزکردنی سنورەکە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و ڕۆشنبیرییە.


بەپێی دواین ڕووپێوی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، کەمترین ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان لە گەرمیانە، کە دەکاتە لە سەدا ٤.٤، لەو سۆنگەیەوە چوار گەنجی سنورەکە خۆبەخشانە کەمپینێکیان ڕاگەیاندووە لە ژێر ناوی "نەمامێک بچێنە و پەرتوکێک بە دیاری وەربگرە"، هەرکەسێکیش نەمامێک بچێنێت پەرتوکێکی بە دیاری پێدەدەن.

پەیوەند عومەر سەرپەرشتیار و خاوەنی بیرۆکەی کەمپینەکە بۆ ڕۆژنیوز وتی: کەمپینەکەمان بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و ڕۆشنبیرییە، ئامانجمان ئەوەیە شارەکەمان سەوزبکەین، کە ڕێژەی سەوزایی زۆر کەمە، هەروەها لە ڕێگای بەخشینی پەرتوکەکانیشەوە بەکلتورکردنی خوێندنەوە لای تاکی کورد.

ئاکۆ محەمەد گەنجێکی بەشداری کەمپینەکەیە بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و وتی: من وەکو و گەنجێک بەشداریمکرد لە کەمپینەکە و نەمامێکم چاند و پەرتوکێکم بە دیاری وەرگرت، داوا لە هاوڵاتییانی دیکەی سنورەکە دەکەم بەشداری ئەم کەمپینە بکەن، بۆ سەوزکردن و جوانکردنی سیمای شارەکەمان.

ئاودێر عەزیز، گەنجێکی دیکەی بەشداربووە لە کەمپینەکە سەبارەت بە گرنگی کەمپینەکە بۆ ڕٶژنیوز وتی: هەبوونی ئەم کەمپینە و چالاکی هاوشێوە بۆ سنورەکەمان زۆر گرنگە، کە ڕێژەی سەوزاییمان زۆرکەمە، پێویستە برەو بە بواری ژینگە بدەین بۆ سەوزکردن و جوانکردنی شارەکەمان، داوا لە گەنجان دەکەم کە بەدەم ئەم کەمپینەوە بێن و بەشداری تیابکەن.

ک.س