لە یەکەم ساڵیاندا شەهیدانی ژینگە لە مەریوان بەبیرهێنرانەوە

مەراسیمی بەشکۆی یادکرنەوەی ژینگە پارێزانی مەریوان بە بەشداری هەزاران کەس لە خەڵکی مەریوان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسەر گڵکۆکەیان لە "دارسەیران" بەڕیوە چوو.


ئێوارەی دوێنێ لە گۆڕستانی "دارسەیران"ی شاری مەریوان –ی سەربە پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مەراسیمی بەبیرهێنانەوەی چوار ژینگە پارێزی مەریوانی بە ناوەکانی؛ "شەریف باجوەر، ئومێد کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەمەد پەژووهی"، کە ساڵی ڕابردوو لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستدا، بەبیرهێنرانەوە.

وردەوردە ژمارەی بەشداربووان لە دارسەیران زیادی دەکرد، تا بە سرودی ئەی شەهیدان مەراسیمەکە دەستیپێکرد و بە وتنەوەی دروشم ڕێز لە خەباتی ئەو شەهیدانە گیرا، لە بەردەوامی مەراسیمەکە هەروەها سرودی "من شۆڕشم ئاگرە سوورەکەی کوردستانم" لەلایەن بەشدارانەوە وترایەوە.

لە بەردەوامی مەراسیمەکەدا گروپی مۆسیقای منداڵانی مەریوان سرودی "ڕێی خەبات"ـیان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

هەروەها لەو مەراسیمەدا پەیامی چالاکوانانی کرێکاری و مەدەنی مەریوان خوێندرایەوە، لە پەیامەکەدا هاتبوو:"کاک شەریف کەسایەتییەکی ناسراو و هەڵسووڕاوی ڕاستەقینەی پاراستنی مرۆڤ و ژینگە و بوونەوەر بوو، ئەو بۆ ئەم مەبەستە و خەبات لە دژی سەرمایەداری و بەرگری لە یەکسانی کۆمەڵایەتی کە پاراستنی ژینگە یەکێک لە بوارەکانی ئەم خەباتەیە، گەلێک فیداکاری لە خۆ بوردوویی لە خۆیدا نیشاندا تا جێگایک کە گیانی لە ڕێگای ئەو ئامانجە مرۆڤایەتییەدا بەخت کرد".

لە کۆتایی پەیامەکەش هاتبوو:"ئێمە هەڵسووڕاوانی کرێکاری و کۆمەڵایەتی لە شاری مەریوان، لە یەکەمین ساڵڕۆژی گیان بەختکردنی کاک شەریف و هاوڕێیانی، جارێکیتر هاوخەمی و هاوخەباتی خۆمان لەگەڵ بنەماڵە و هەڤاڵانی کاک شەریف دەردەبڕین و پەیمان دەبەستین، کە بەشێک لە ئەرکەکانی خەباتی خۆمان لە دژی سەرمایەداری، بۆ پاراستنی ژینگە وەگەڕ بخەین".

س.ح