مامۆستایەکی زانکۆ: هۆکارێکی پیسبوونی خاک بۆردومانەکانی وڵاتانی داگیرکەرە

پیسبوونی ژینگە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی خاکە، کە پەیوەستە بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و مەترسی لە سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، مامۆستایەکی زانکۆ باس لە مەترسییەکانی پیسبوونی خاک و هۆکارەکانی دەکات و ئەوەش دەخاتە ڕوو کە بەشێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی خاک بۆردومانەکانی وڵاتانی داگیرکەرە.


پیسبوونی زەوی بریتییە لە هەر گۆڕانکارییەکی فیزیایی و کیمیایی و بایۆلۆجی لە زەوییدا، کە لە دوای ئاو و هەوا، خاک بە سێیەم پێکهاتەی ژینگە و بە بەهاترین سامانە سروشتییەکان دادەنرێت، کە بەهۆی چالاکی نادروستی مرۆڤ-ەوە ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، جۆرەکانی پیسبوون-یش بریتییە، لە پیسبوونی ھەوا، ئاو، خاک و پیسبوون بە گەرمی، تیشک، کانزاکان، نەوت، ماددەی کیمیایی کە ئەوەش دەبێتە هۆی ژەھراویبوونی خۆراک.

لەسەر ئەو پرسە ژینۆ خالید، مامۆستا لە کۆلێژی کشتوکاڵ و شارەزای بواری خاک لە زانکۆی سلێمانی، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بە ڕوانین لە پێشینەکەی خاکی هەرێمی کوردستان خاکێکی پڕ پیت و بەرکەتە، بەڵام کاتێک خاکەکە پیس دەبێت دەبێتە هەڕەشە لەسەر تەندروستی مرۆڤ.

پیسبوونی خاک کاریگەری لە سەر پیسبوونی ئاو هەیە

خاک بە شێوەیەکی گشتی خۆیی تازە دەکاتەوە کە ئەگەر بواری بدەی تازە دەبێتەوە و ماددە پیسەکان لە خۆیدا کەم دەکاتەوە بەڵام ئەگەر بەردەوام کشتوکاڵ بکەی و هیچ پشوویەک نەدات و ساڵانە ماددەی کیمیایی بۆ بەکاربهێنرێت ئەوا لێکەوتەی خراپی هەیە، هەروەها پیسبوونی خاک کاریگەری نییە لە سەر کەمبوونەوەی ئاو بەڵام جۆری ئاوەکە خراپ دەکات، چونکە ئەگەر خاکەکە توانای وەرگرتنی نەمێنێت بەشێکی ماددەکان تێکەڵ بە ئاوی زەوی دەبن.

یاخود ئەو خۆڵ و خاشاکانەی کە بەبێ جیاکاریی دەخرێنە ژێر خاکەوە کارەسات دروست دەکات، کە ساڵ بە ساڵ بەپێی باران بارین هەندێکیان شیدەبنەوە و ماددە کانزاکانیان لێدادەماڵرێت و دەچێتە ژێر زەوییەوە و ئاوی ژێر زەویش پیس دەکات، هەرچەندە خاکەکە خۆی دەوری پاڵاوگەیەک دەبینێت و هەندێک لە ماددەکان گل دەداتەوە، کە خاکیش هەندێک ماددەی لە خۆگرت لە ڕووی هێز وتواناوە دادەبەزێت.

پاشماوەی شەڕ و تۆپبارانەکان کاریگەری لە سەر تەندروستی هەیە

خاکی باشوری کوردستان، بەردەوام لە لایەن دەوڵەتانی دراوسێ وەک ئێران و تورکیا هێرشی دەکرێتە سەر و جگە لە زیانە گیانییەکان، زیانی ماددی و ژینگەیی لێدەکەوێتەوە، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی کیمیایی بوونی خاکەکە و سووتاندنی.

مامۆستا ژینۆ، تیشکی خستە سەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی پاشماوەکانی تەقەمەنیی و وتی: لە پرۆسەی ئازادی عێراق کۆمەڵێک چەک بەکارهێنراوە، کە ناوی چەکەکان لە دیپریتت یۆرانیۆم پێکهاتووە کە مادەیەکی ترسناکە و لە ئەنجامی شیبوونەوەی ئەو یۆرانیۆمە کە ماددەیەکی تیشکاوەرە و ڕاستەخۆ کاریگەرییان لە سەر جۆری شێرپەنجەکان هەیە، هەر بۆیە لە خوارووی عێراق لە دوای پڕۆسەی ئازادییەوە ڕێژەی شێرپەنجە یادیکردووە، بۆ نمونە ئەو ناوچانەی لە لای بالیسانە و لە لایەن تورکیاوە تۆپباران کراون، بەشێوەیەک ئاسەواری ماوە کە زەوییەکە سووتاوە بە چواردەوری ئەو شوێنە وشک بووە.

بەشێک لە زەوییەکان بۆ کشتوکاڵ نابێت

ژینۆ خالید، ئاماژەی بە هەندێ ناوچە کرد کە بۆ کشتوکاڵ نابێت، بەڵام خاوەن زەوییەکان بەبێ ئەوەی بزانن ئەو خاکە پێکهاتەکەی چییە کشتوکاڵی تێدا دەکەن "هەندێک خاک بە شێوەیەکی سروشتی مەوادی کانزایی زۆر بەهێزی تێدایە کە نابێت کشتوکاڵی تێدا بکرێت، بۆ نمونە ناوچەی ملەکەوە لە پێنجوێن، بەهۆی بوونی ماددەیەکی زۆری کانزایی قورس لە ناویدا و مانەوەیەکی زۆر و بەرکەوتەی لە گەڵ ئاژەڵان و مرۆڤدا ماددەکان لە خانەکانی لەش دەنیشن و دەبێتە هۆی دروستبوونی، نەخۆشی جەڵدە وشێرپەنجە و لە دەستدانی بەشێک لە جەستە و خاکەکەی ناوی (سەرپێنتەین سۆیەڵ)ە کە لە دونیایدا نابێت بەردەکەشی بۆ بیناسازی بەکاربهێنرێت.

ژینگەپارێزان ئاماژە بە ڕۆڵی لیژنەی چاودێری ژینگە دەکەن و ئەوە دەخەنە ڕوو کە ئەگەرچی هەندێک لیژنەی چاودێری ژینگەیی لە هەرێم هەیە، بەڵام وەک پێویست نەیانتوانیوە ڕێگربن لەو کارگە نایاساییانەی کە ژینگە پیس دەکەن بە تایبەت ئەوانەی بەرپرسانیان لە پشتە.

ک.س