مامۆستایەکی زانکۆ: کۆرۆنا زەنگێک بوو بۆ وڵاتان تا چیتر ژینگە پیس نەکەن

پسپۆرێکی ژینگە ڕایدەگەیەنێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک دیاردەیەکی سروشتی پەیدابوو، تا لە ڕێگەیەوە بەرگری لە سروشت بکات و سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانی مرۆڤ بۆسەر ژینگە دابنێت، دەشڵێت: کۆرۆنای نوێ وەک زەنگێکی ئاگادارکردنەوە هات و بە حکومەتی وڵاتانی وت، کە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێنن کە دەیکەنە سەر ژینگە و بەئاگا بێنەوە.


ئێستا پسپۆڕانی بواری ژینگە و کەشناسی لەوباوەڕەدان، کە پەیدابوونی کۆرۆنا ڤایرۆس هەلێکیتری بەژیان بەخشییەوە، بەتایبەت کە لە سایەی پیسبوونی ژینگەوە ژیانی زیندەوەران کەوتبوویە مەترسییەوە، بەپێی ڕاپۆرت و پێشبینییەکانی ئاژانسی ناسای ئەمریکاش، بەرگە هەوای زەوی تاڕادەیەکی زۆر پاک بووەتەوە، ئەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر ئاییندەی ژیان.

د.ساڵح نەجیب، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری بواری ژینگە لەمبارەیەوە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: مەترسییەکانی پیسکردنی ژینگە لە مەترسییەکانی کۆرۆنا خراپترن، چونکە کۆرۆنا تەنها هەڕەشەیە لەسەر خودی مرۆڤ، بەڵام پیسبوونی ژینگە هەڕەشەیە بۆسەر ئاو و هەواو زیندەوەرو ئابوری جیهان.

ساڵح نەجیب، دەڵێت: پیسبوونی ژینگە کاریگەری گەورەی کردبوویە سەر ڕەوشی ئابووری جیهان و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و دەرهاویشتەی مەترسیداری دروستکردبوو، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ وەک زەنگێکی ئاگادارکردنەوە هات و بە حکومەتی وڵاتانی وت، کە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێنن کە دەیکەنە سەر ژینگە و بەئاگا بێنەوە.

هەرچەندە نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەوڵدابوو وڵاتان ڕوو بکەنە وزەی خاوێن و پلانیان هەبێت بۆ ژیانی دوو دەیەی داهاتوو، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی پیسبوونی بەرگە هەوا بۆ لەسەدا ٤٠ کەمبکەنەوە، بەڵام ئەو گۆڕانە بەرچاوە لەدوای سەهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەستیپێکردوو چاوەڕێی وڵاتانی نەکرد ڕێژەی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا کەمبکەنەوە، وێرانکارییەکانی مرۆڤ لەسەر زەوی ڕابگرن، ڕێژەی بەهەدەردانی ئاوی پاک کەم بکەنەوە.

بەوتەی ئەو ژینگە پارێزە، پیویستە هەرێمی کوردستان پلانی دوای کۆرۆنا'ی هەبێت و سنوورێک بۆ زیادبوونی ئۆتۆمبێل و پاڵاوگەی نایاسایی دابنێت و سوود لە وزەی پاک وەربگرێت.

بەپێی ئەو داتاو ئامارانەی کە ئەم ژینگە پارێزە بۆ ڕۆژنیوز خستییەڕوو، ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی شەش ملیۆن لیتر سووتەمەنی دەسوتێنرێت، هەروەها بۆ یەک ملیۆن لیتر سووتەمەنیش نزیکەی دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار  کیلۆگرام گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەچێتە هەواوە، بۆ یەک ملیۆن لیتر گازیش ١٣ هەزار کیلۆ گرام گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن دەچێتە هەواوە، کە گازێکی ژەهراوییە.

س.ح