منداڵان و گەنجان ژمارەیەک نەمامیان چاند

بەدروشمی با لە کۆڵانەکانەوە دەست پێبکەین، هەڵمەتێکی چاندنی نەمام، لە لایەن ژمارەیەک منداڵ و گەنجەوە لە کەلار ئەنجامدرا و تێیدا نزیکەی پەنجا نەمام وەک هەنگاوی یەکەم چێندرا.


بەیانی ئەمڕۆ، لەگەڕەکی بەردە سوور، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ژمارەیەک گەنج بەهاوکاری سەرۆکایەتی شارەوانی کەلار، هەڵمەتێکی سەوزکردنی شاریان ئەنجامدا.

کاروان ڕەشید، وەک یەکێک لە سەرپەرشتیارانی هەڵمەتەکە، بۆ ڕۆژنیوز وتی: لەم هەڵمەتە ئامانجمانە کۆڵانەکانی شار سەوز بکەین و ڕێژەی سەوزایی تێدا زیاد بکەین، له بەردەم هەر ماڵێکدا نەمامێک چێندرا و بە خاوەن ماڵەکەش دەڵێین خاوەندارێتی لێبکات وخزمەتی بکات و ئاگاداری بێت لە فەوتان ولەناوچوون.

ناوبراو، وتیشی: لەم هەڵمەتەدا بۆیە منداڵانمان بەکارهێنا، تا دۆستایەتیەک لە نێوان منداڵ و  ژینگە دروست بکەین، بۆ ئەوەی خزمەتی ژینگە بکەن، لەجیاتی ئەوەی  بێشکێنن.

ک.س