موجاهدین خەڵق لە کوشتاری کورد تا ئەشکەنجەدانی ئەندامەکانی

دوای هاوکارییەکانی لەگەڵ ڕژێمی ڕوخاوی بەعس-ی عێراق لە کوشتاری کورد، دەرکردنیان لە عێراق، ئەندامانی هەڵهاتووی ڕێکخراوی موجاهدین خەڵق، ئاشکرای دەکەن، کە کاربەدەستانی ڕێکخراوەکە، ئەشکەنجەیان کردوون.


ڕێکخراوی موجاهدین خەڵق، کە ڕێکخراوێکی دژبەری حکومەتی ئێرانە، سەرەڕای هاوکاریی لەگەڵ ڕژێمی لەناچووی بەعس لە کوشتاری کوردەکان، گۆڤارێکی ئەڵمانی لەم دواییانەدا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، کە بەپێی ئەنجامی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ ١٥ ئەندامی هەڵهاتووی "ڕێکخراوی موجاهیدین خڵق" کە ئێستا بەشێک لە ئەندامانیان لە کامپێک لە ئەلبانیا دەمێننەوە، کاربەدەستانی ڕێکخراوەکە ئەندامانیان ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دەدەن و هەرەوها پەروەردە دەکرێن بۆ ئەوەی چۆن مرۆڤ سەرببڕن، ئەندامی لەش بشکێنن و چۆن چاوی کەسێک بە پەنجە دەربهێنن.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە کە شپیگڵی ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە، کامپێک بۆ ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدین دوای دەرکردنیان لە عێراق لە وڵاتی ئەلبانیا کراوەتەوە نزیکەی دوو هەزار کەسی تێدایە، شپیگل نووسیویەتی، کە کامپەکە تا ڕیستورانت و باڕەکانی ناوەندی تیرانای پایتەخت، نزیکەی ٣٥ خولەک دوورە، بەڵام ئەو کەسانەی توانیویانە لە کامپەکە هەڵبێن، وتوویانە کە ڕێگە بە دانیشتوانی کامپەکە نادرێت مۆبایل بەکار بێنن، تەنانەت ڕێگەیان پێ نادرێت ساعەت یان ڕۆژژمێریان هەبێت.

گۆڤارەکە نووسیویەتی، مستەفا محەمەدی کە پیاوێکی ٦٢ساڵەیە و لە کەندا دەژی، کچێکی بە ناوی 'سومەیە' کە تەمەنی ٣٨ ساڵە لەناو کامپەکە دایە و، دەڵێت: کچەکەی پێچەوانەی خواستی خۆی و بە زۆر براوەتە کامپەکە ڕێگەشی پێنادەن کچەکەی ببینێت.

بەگوێرەی گۆڤارەکە، دەوری کامپەکە بە دیوار تەنراوە و ڕێگە بە کەس نادرێت لە بەردەمی بوەستێت تا بگاتە ئەوەی بچێتە ناو کامپەکە، هەروەها ئەوەشی وتووە کە پارێزەری ڕێکخراوەکە ئامادە نەبووە لەسەر ئەو کچە کە ناوی سومەیە یە وەڵامی شپیگڵ بداتەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، کاربەدەستانی ڕێکخراوەکە ئەندامانیان ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دەدەن و هەرەوها پەروەردەیان دەکەن بۆ ئەوەی چۆن سەر لە لاشە جیا بکەنەوە، چون ئەندامی لەش بشکێنن، چون چاوی کەسێک بە پەنجە دەربێنن.

هەرچەند ئەندامانی هەڵهاتووی ئەو ڕێکخراوە، ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ و لەسەرکردنی بە زۆری سەرپۆش-یان بۆ گۆڤارەکە پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام وتەبێژی ڕێکخراوەکە هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە.

یەکێک دیکە لەو کەسانەی بۆ شپیگڵ قسەیکردووە، کەسێکە بەناوی غوڵامڕەزا شکاری کە پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵە و بە وتەی خۆی ٢٧ ساڵ ئەندامی ئەو ڕێکخراوە بووە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە ڕێکخراوەکە هەوڵدەدات خۆی وەکوو ڕێکخراوێکی لیبراڵ پێشان بدات، بەڵام لەناوەوە پڕە لە ترس، درۆ و دووڕوویی.

شپیگڵ هەروەها لەسەر ڕیبەری ڕێکخراوەکە واتا 'مەسعود ڕەجەوی' وەک شتێکی شاراوە و نادیار ناوی لێدەبات و دەڵێت: لەساڵی ٢٠٠٣ـەوە تا ئێستا کەس نەیبینیوە و تەنانەت ڕوون نییە کە زیندووە یان نا، هەروەها دەڵێت، مریەم ڕەجەوی کە هاوسەری ناوبراوە ئێستا ڕێبەرایەتی ئەو ڕێکخراوە دەکات، بەردەوام لە نێوان فەرەنسا و کامپەکە لە ئەلبانیا لە هاتووچۆدایە.

پێشتریش فایلێکی دەنگ کە دەوترێت هی مستەفا ڕەجەوی کە کوڕی 'مەسعود ڕەجەوی' ڕێبەری ڕێکخراوی موجاهدین خەڵقە، کەوتە دەستی ڕاگەیاندنەکان، لەو فایلە دەنگییە کە هی چەند ساڵە لەمەوبەرە و لە 'کامپی ئەشرەف' لە عێراق تۆمارکراوە، ناوبراو ئاشکرای دەکات کە بەهۆی ڕەخنەکانی لەو ڕێکخراوە خۆی و هەندێک لە هاوبیرەکانی ئەشکەنجە و ئازار دراون و زیندانیکراون، دوای بڵاو بوونەوەی ئەم فایلە دەنگییە کاربەدەستانی ڕێکخراوەکە بۆ بێدەنگ کردنی ناوبراو، دەیگوازنەوە بۆ وڵاتی نەرویج.

جێگای ئاماژەیە، لە ساڵی ١٩٩١ ڕێکخراوی موجاهدین خەڵق بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی سەدام ئۆپەراسیۆنێک بەناوی "مروارید" لەدژی کوردانی باشوری کوردستان ئەنجام دەدات، کە چەندین کەس دەکوژن و بریندار دەکەن، بەتایبەت لە سنووری کەرکوک و گەرمیان.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو ڕێکخراوە بەو پێشینە تاریک و ناشیرینەوە، بە پشتبەستن بە یارمەتییە ماددیەکانی وڵاتانی وەک سعودییە و پاڵپشتییە سیاسیەکانی هەندێک وڵاتی وەک فەرەنسا و لۆبییەکانی ئەمریکا، خۆی ئامادە دەکات کە لە ئەگەری ڕووخانی حکومەتی ئێراندا دەسەڵات بەدەستەوە بگرن.

ڕێکخراوی موجاهدین خەڵق کە ڕێکخراوێکی چەکداری-سیاسیە، ٦ی سێپتەمبەری ساڵی ١٩٦٥ دامەزراوە.

س.ح