میدیای تورک لە هەواڵی ڕووداوەکەی هەولێردا ئاڵای هەرێمی کوردستان لادەبات

پێچەوانەی نەریت و ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی دونیا، میدیاکانی تورک لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ڕووداوی ڕێستورانتەکەی هەولێر، کە لۆگۆ و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئاڵای کوردستانیان لە پشتە، لەبری تەڵخ کردنی دەموچاوی تۆماتبارەکان ئاڵای کوردستانیان تەڵخ کردووە یان لایان بردووە.


دوێنێ وێنەی دوو تۆمەتباری ڕووداوی ڕێستورانتی هۆقەباز لە شاری هەولێر، لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکرایەوە.

دوای بڵاوبونەوەی ئەو وێنانە بەشێک لە میدیاکانی تورک بە ئامانجی سڕینەوە و دەرنەکەوتنی ئاڵای هەرێمی کوردستان، لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەداکە تۆماتبارەکان لۆگۆی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە (ئاڵای هەرێمی کوردستانە) و ئاڵای هەرێمیان لە پشتە، فلتەریان کردوون و بەشێکیشیان هەر لۆگۆ و ئاڵاکەیان لابردووە ئەوەش لە کاتێکدایە بەپێی یاسا و ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی نابێت دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەموچاوی هیچ کەسێک وەک تۆمەتبار پیشان بدەن، بەڵام ئەو میدیایانەی تورک بێگوێدانە هیچ بەهایەک وێنەی تۆمەتبارەکە نیشان دەدەن و ئاڵاکە فلتەر دەکەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا كۆمەڵێك گەشتیاری باشوری كوردستان كە بۆ گەشتكردن چووبوونە شاری ترابزۆن-ی تورکیا، لە کاتێکدا یەكێك لە گەشتیارەكان ویستبووی بە ئاڵای هەرێمی كوردستانەوە وێنە بگرێت، لەلایەن توركە ڕەگەزپەرستەكانەوە هێرشیان کرایەسەر.

ک.س