مەترسی هەیە دارستانەکانی کرماشان ببنە بیابان

سەرۆکی فەرمانگەی دارستان و سەرچاوە سروشتییەکانی کرماشان ئاماژەی بەوە داوە، کە پێنج هەزار هێکتار لە دارستانەکانی کرماشان لە قەیراندان و بەشێکیان بەرەو بە بیابانبوون دەچن.


ئەمڕۆ عبدولعەلی جەلیلیان سەرۆکی فەرمانگەی دارستان و سەرچاوە سروشتییەکانی کرماشان، کە لەگەڵ ئاژانسێکی ئێرانی قسەیکردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە دارستانەکانی زاگروس ٤٠٪ی ئاوی وڵاتی ئێران دابین دەکات، بەڵام مەترسی لەناوچوونیان هەیە.

جەلیلیان وتوویەتی: دارستانەکانی زاگروس بە پانتایی شەش ملیون هێکتار، ٤٠٪ی ئاوی وڵاتی ئێران دابین دەکات، کە لەو ڕێژەیە ٥٢٧ هەزار هێکتار دارستانی سروشتی لە پارێزگای کرماشاندایە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەلیلیان ئاماژەی بەوە داوە، کە پێنج هەزار هێکتار لە دارستانەکانی پارێزگای کرماشان لە دۆخێکی قەیارناویدان و بەشێک لە ناوچەکانیش لەوانە 'قەسری شیرین' و 'سومار' بەرەوە بە بیابانبوون دەچن.

جێگای ئاماژەیە، کە ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر لە دارستانەکانی زاگروس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسووتێندرێن، کە دەوترێت "بە مەبەست و لەلایەن هێزە سەربازی و دەزگا ئەمنییەکانەوە دەسووتێندرێت"، دەوڵەتیش لە ئاستیدا کەمتەرخەمە، ڕێگاش بە ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان نادرێت پارێزگاری لە دارستانەکان بکەن و زۆرجار دەستگیریشیان دەکەن.

س.ح