مەڕدارانی باڵەكایەتی لە گرنگی ژینگەپارێزی ئاگاداركرانەوە

مەڕدارانی کوێستانەکانی باڵەکایەتی لە مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە و ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندەکێوییەکان ئاگادار دەکرێنەوە.


ناوەندی كەلتوری چۆمان بەهاوكاری ژمارەیەك لە ژینگە دۆستانی ناوچەكە دوێنێ لە چوارچێوەی چالاكییەكی مەیدانی بۆ ناو هەوارگەی ئاژڵداران لە كوێستانەكانی باڵەكایەتی ڕێنمایی پێویستییان سەبارەت بە پاراستنی ژینگە گەیاندە نێو مەڕداران.

ژینگە دۆستان لەگەڵ ئاژەڵداران دانیشتن و گفتوگۆیان لەبارەی مەترسیەكانی سەر پیسبوون و نەمانی گژوگیاكانی كوێستانەكان كرد و ئامانجی چالاکییەکە، کە پاراستنی گژوگیا و پاراستنی سەرچاوە ئاوییەكانی كوێستانەكان بوو لە ماددە پلاستیكی و پاشماوەكانیان بۆ مەڕداران شیکردەوە.

بەختیار بەهجەت، ڕاهێنەری پاراستنی ژینگە لە باڵەكایەتی بۆ ڕۆژنیوز، وتی، لەگەڵ ناوەندی كەلتوری چۆمان لە بەشی ژینگە چالاکییەکامان ئەنجامدا و لەبەشێكی گفتوگۆكانماندا باسمان لە مەترسییەكەكانی نەمانی گژوگیا و ئەو ڕووەكانەی لەو سنورەداهەن کرد كە چەندە مەترسین بەتایبەت بڕینی داری تەڕ و سوتاندنی گوێنی و هەندێ جۆر ڕووەكی دیکە كە زۆرجار وایە لە زۆربەی شوێنەكەكان شوان و مەڕداران بێ ئەوەی ئاگاداربن لە زیانەكانی دەیسوتێنن یان دەیبڕنەوە.

ئاماژەشی بەوەكرد، لەگەڵ مەڕداران باسیان لە مەترسییەكانی دەستكاریکردنی هێلانە كەو و ڕاوكردنی ئاژەڵە كێوی و كوشتنی باڵندە كێوییەكان کردووە كە لەم ساڵانەی دوایدا بەشێوەیەكی بەرچاو دەست بۆ ڕاوكردن و لەناوبردنی ئەم جۆرە ئاژەڵ و باڵندە كێویانە بردراوە.

ک.س