مەکگۆرگ: ترامپ باکوری سوریا و کوردستانی عێراق لێکجیاناکاتەوە

برێت مەکگۆرگ، لەسەر دیدارەکەی دۆناڵد ترامپ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس، ڕەخنەی لە ترامپ گرتووە و دەڵێت: وادیارە جیاوازیی نێوان باکوری سوریا و کوردستانی عێراق نازانێت.


دوێنێ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس بۆ چەند خولەکێک چاوی بە دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا کەوت.

لەسەر ئەو دیدارە کە لە میدیاکانی باشوری کوردستان ڕەنگیدایەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش باسی زۆری لەسەر کرا بە تایبەت ئەوەی کە ئەو دیدارە بە پارە ساز کراوە و ترامپ مەبەستی لە قسەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بووە نەک باشوری کوردستان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا برێت مەکگۆرگ نوێنەری تایبەتی پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا لە شەڕی دژی داعش لە تویتێکدا ڕەخنەی لە ترامپ گرتووە و نووسیویەتی: جێگەی داخە کە ترامپ لە پەراوێزی داڤۆس چاوی بە بەرهەم ساڵح و بەڕێوبەری کورستانی عێراق کەوت و ئەوەی هێنایە زمان کە "ئێمە نەوتمان بەدەستهێنا".

مەکگۆرگ هەروەها ڕەخنەیەکی دیکەشی لە ترامپ کردووە لەسەر ئەو قسانەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کردوویەتی، کە پەیوەندیی بە باشوری کوردستانەوە نەبووە و نووسیویەتی: "وادیارە جیاوازیی نێوان باکوری سوریا و کوردستانی عێراق نازانێت".

ئەم تویتەی مەکگۆرگ لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ترامپ لە قسەکانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، باسی دوورخستنەوەی هێزەکانیان لە سنووری سوریا بەهۆی هەبوونی هێزەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە دەکات و دەڵێت: ئێمە نەوتمان بە دەستهێنا و ئێستا سەربازەکانمان دەیپارێزن، ترامپ هەروەها سوپاسی بارزانی دەکات بۆ هاوکارییەکانی لە پاراستنی ناوچەی ئارام، کە لە ڕۆژئاوای کوردستانە و هیچ پەیوەندییەکی بە باشوری کوردستانەوە نییە.

ک.س