نانەواخانەكان هۆکاریان هەیە بۆ بەکارنەهێنانی زەرفی کاغەز

ئەگەر چی قائیمقامیەتی سلێمانی، بڕیاری قەدەغەكردنی زەرفی نایلۆنی داوە لەنانەواخانە و سەموونخانەكان، بەڵام تا ئێستا بەشی زۆری نانەواخانە و سەموونخانەكان بڕیارەكەیان جێبەجێنەكردووە هۆکاری ئەوەش دەگەڕێننەوە بۆ گرانی نرخی زەرفی كاغەز.


بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و تەندروستی هاوڵاتیان، قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بڕیاری قەدەغەكردنی زەرفی نایلۆنی داوە و خاوەن نانەوا و سەمونخانەكانیش دەڵێن زەرفی كاغەز نرخی گرانە و ناتوانین بەكاری بهێنین.

لەكاتێكدا قائیمقامیەتی شاری سلێمانی١٨-٨-٢٠١٩ی وەكو دوا مۆڵەت بۆ بەكارهێنانی زەرفی نایلۆن دانابوو بۆ نانەواخانە و سەمونخانەكان، بەڵام هێشتا لە زۆرێك لە نانەواخانە و سەمونخانەكاندا زەرفی نایلۆن بەكاردەهێنرێت.

خاوەن نانەواخانە و سەموونخانەكان نیگەرانن و دەڵێن زەرفی كاغەز نرخی گرانە و ئێمە ناتوانین بیكڕین، ئەگەر قائیمقامیەت بۆمان دابین بكات ئێمەش بەكاری دەهێنین، ئەمەش لە كاتێكدایە وەك خۆیان دەڵێن دوا مۆڵەت كە بۆیان دانراوە بۆ بەكارهێنانی زەرفی نایلۆن لە یەكی مانگی داهاتوەوە دەبێت و بە پێچەوانەوە لێپرسینەوەی یاساییان لە گەڵدا دەكرێت.

بە گوێرەی زانیارییەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كێشە لە گەڵ ئەو كۆمپانیایەدا دروستبوە كە بڕیارە زەرفی كاغەز دروستبكات چونكە نرخەكەی زۆرە و تا كاتێك كێشەكە چارەسەر نەبێت هیچ زانیاریەك لەو بارەیەوە نادەن.

د.ح