"نە ڕیفراندۆم پەکەکە کردی، نە شێخ سەعید پەکەکەبوو لە سێدارەدرا"

چالاکوانان باس لە داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، هاوکات وەڵامی دەنگۆکان دەدەنەوە و دەڵێن: خۆ شێخ سەعید و شیخ ڕەزا پەکەکە نەبوون بۆ لەسێدارە دران؟ خۆ ڕیفراندۆم پەکەکە نەیکرد، ئەردۆغان بۆچی دژی بوو!؟.


دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە داگیرکاری بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان و چەندین کۆمەڵکوژییان ئەنجام داوە، دواترینیان کۆمەڵکوژییەکەی تل ڕەفعەت بوو، کە ١٠ هاوڵاتی شەهیدبوون و زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، هەروەها زۆرکات پاساو بۆ ئەو تاوانانە دەهێندرێتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکرێت، کە دەوڵەتی تورک دژی کورد نییە و دژی پەکەکەیە، لەم بارەیەوە چالاکوانانی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

خەبات ڕەشید دەربارەی کۆمەڵکوژییەکەی دەوڵەتی تورک لە شاری تل ڕەفعەت، وتی: ئەوە دژە لەگەڵ پرەنسیپەکانی ڕێکەوتننامەی مافەکانی منداڵان، کە خودی تورکیاش وڵاتێکە واژۆی ئەو ڕێکەوتنامەیەی کردووە، بەڵام بەداخەوە بەرامبەر بە خەڵکی سڤێل و بێتاوان واژۆکەی خۆشی پێشێل دەکات، منداڵ تاوانی چیە لە خۆڕا کۆمەڵکوژبکرێ!.

خەبات ڕەشید ڕەخنە لە بێدەنگییەکان بەرامبەر دەوڵەتی تورک دەگرێت و دەڵێت: لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆییدا ڕێکخراوەکان زۆر کەمتەرخەم و بێباکن، ڕۆژانە چەندین منداڵ دەبیتە قوربانی ئەم زوڵم و ستەمە کەس نوزەی لێوە نایەت، پێویستە وڵاتی تورکیا بانگێشتی 'یوئێن' بکرێت بۆ لێپێچینەوە، چونکە یەکێک لە کارە گرنگەکانی یوئێن سەر زەنشتکردنی ئەو وڵاتانەیە کە پێشێلکاری دژی هاوڵاتیانی مەدەنی یان سەروەری وڵاتێکیتر پێشێل دەکات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەردۆغان زۆرکات پاساو بۆ کۆمەڵکوژییەکان دەهێننەوە و دەڵێن دژی کورد نین، بەڵکو دژی پەکەکەن، لەمبارەیەوە سه‌ڵاح محەمەد'ی چالاکوان وتی: خۆ شێخ سەعید و شیخ ڕەزا پەکەکە نەبوون، بۆچی لەسێدارە دران؟ خۆ خەڵکی دێرسیم پەکەکە نەبوون، بۆچی لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی ڕابروو کۆمەڵکوژکران؟ خۆ ریفراندۆم پەکەکە نەیکرد، ئەردۆغان بۆچی دژی بوو؟ خۆ زمانی کوردی هی پەکەکە نییە، با ئەردۆغان دان بە زمانی کوردیدا بنێت و لە تورکیا بخوێندرێت!، بەگشتی ئەوانە پێمان دەڵێن کە کێشەی لەمێژینەی دەسەڵاتەکانی تورک لەگەڵ کورددا بووە، نەک لایەنێکی دیاریکراو.

سه‌ڵاح  محەمەد بەپێویستی زانی، کە "خەباتی جەماوەری و سیاسی لەسەر ئاستی جیهان فراوانتر بکەین، تاوانەکانی تورکیا زیاتر بە جیهان بناسێنین، بایکۆتی شتوومەکی تورکی بکەین، بەردەوام بین لەهەموو شێوازێکی خەباتی ڕەوا".

س.ح