هاوینەهەواری بێخاڵ لەنێوان جوانی سروشت و بەرزی نرخدا

هاوینە هەواری بێخاڵ، لە شارۆچكەی ڕەواندوز، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی دڵگیری و سەرنج ڕاکێشییەوە یەکێکە لەو هاوینە هەوارانەی هەرێم کە زۆرترین گەشتیار ڕووی تێدەکات، بەڵام سەرەڕای نۆژەنکردنەوەی هێشتا چەند کەموکورتییەک لە هاوینە هەوارەکەدا هەیە و بەرزی نرخیش لە هاوینە هەوارەکە گەشتیارانی نیگەران کردووە.


هاوینە هەواری بێخاڵ دەكەوێتە نێوان لوتكە چیا بەرزەکانی سنوری شارۆچكەی ڕەواندوزی سەر بە پارێزگای هەولێر و ١٠٥ كیلۆمەتر لە ناوەندی شاری هەولێر و ٥ كم لە شارۆچكەکەوە دوورە.

بێخاڵ، تاڤگەیەكی سروشتی هەیە و ئاوەكەی دەڕژێتە ڕووباری خەلیفان، ئەمساڵیش ئاوی تاڤگەكە بە بەرواود لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە و كەش و هەوا و دیمەنە دڵڕفێنەكەی زیاتر سەرنجی گەشتیارانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، بۆیە ساڵانە  هەزاران گەشتیاری بیانی و ناوخۆیی ڕووی تێدەکەن.

لە هاوینە هەواری بێخاڵدا پلەكانی گەرما بەراورد بە ناوەندی شاری هەولێر ٨ پلە لە ڕۆژدا و شەوانیش تا ١٣ پلە نزمترە، ئەمەش زیاتر بووەتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیارانی عێراق  و لە ڕۆژانی پێنج شەمە و هەینیدا بەشێوەیەکی بەرفراوان گەشتیاران ڕووی تێدەکەن.

ئەگەرچی لە بێخاڵدا ژمارەیەك هۆتێل و كەپر و شوێنی پشوودان بۆ گەشتیاران ئامادەكراوە، بەڵام بەرزی نرخی خواردن و شوێنی مانەوە لە هۆتێل و کەپرەکاندا بە تایبەت لە ڕۆژانی جەژندا گەشتیارانی نیگەران کردووە.

خانم عەلی، بۆ گەشت ڕووی لە هاوینە هەواری بێخاڵ كرد بوو بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی: سروشتێكی جوانی هەیە و گەشتیار چێژ لە جوانی و دیمەنەكەی وەردەگرن، بەڵام گرانی نرخ و شوێنی مانەوە بۆ گەشتیاران مایەی نیگەرانییە، بەتایبەت خواردن زۆر گرانە، وە دەكرێت زیاتر بایەخ بە دانانی بەربەست بدرێت بۆ کەناری ئەو شوێنانەی دەڕوانێت بەسەر ئاوەکەدا و مەترسیدارە، چونكە ساڵانە چەندین منداڵ بەهۆی ناشارەزاییەوە لە ئاوەكەدا دەخنكێن.

جگە لەو کەمو کورتییانە کەمی و نەبوونی خزمەتگوزاری وەک نەبوونی هێماکانی هاتوچۆ و تەوالێت لەوشوێنانەی بۆ گەشتیار پێویستن گرفتێکی دیکەیە و پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕی لێبدەنەوە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران تەنها لە سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠ هەزار گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی سەردانی بێخاڵ و دەڤەری ڕەواندوز و سۆرانیان كردووە.

دانا محەمەد، یەكێك لە خاوەن کارەکانی هاوینە هەواری بێخاڵە بۆ ڕۆژنیوز، وتی: "هەموو گەشتیارێك حەزدەكات سەردانی بێخاڵ بكات، چونکە ئاوەكەی زۆر سارد و تاڤگەكەشی جواینییەكی تایبەت بەخۆی هەیە بە تایبەت دوای ئەوەی نۆژەنكرایەوە تاڕادەیەك كەموكورتییەكانی چارەسەركراون".

تاڤگەی بێخاڵ، وێڕای ئەوەی بە دیمەنە سەرنج ڕاکێشەکەی بووەتە ناوچەیەكی دیاری گەشتیاریی، هاوكات تاڤگەكە بووەتە سەرچاوەی سەرەكی لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شارۆچكەی ڕەواندوز و سۆران.

ک.س