هێرش کرایە سەر ئەو گەنجەی سەری کەمدەرامەتانی بێ بەرامبەر چاکدەکرد

لە بەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی، چەند کەسێک ھێرش دەکەنە سەر ئەو گەنجەی کە سەری کەسانی کەمدەرامەت بێ بەرامبەر چاکدەکات و بەکەتەر برینداری دەکەن.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی، دوای ئەوەی ھیوا مەحمود-ی خۆبەخش دەچێتە ناوبازاڕ بۆ چاککردنی قژی کەسانی کەمدەرامەت، لەلایەن چەند کەسێکەوە ھێرشدەکرێتە سەری.

ھیوا مەحمود باسی لە ڕووداوەکەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و وتی: ئەم ئێوارەیە وەک ھەموو جارێک چوومە ناوبازاڕ بۆ ئەوەی قژی کەسانەی کەمدەرامەت چاکبکەم، کاتێک سەرقاڵی چاککردنی قژی ھاوڵاتییەک بووم، دوو کەس ھاتن و بەبێ خۆ ناساندن وتیان دەبێت ئەم شوێنە چۆڵ بکەیت، منیش رەتمکردەوە کە دەست لە کارەکەم ھەڵگرم و بڕۆم، دوو کەسەکە دوورکەوتنەوە و پاش چەند خولەکێک گەڕانەوە و ھێرشیان کردە سەرم.

دوای ئەوەی ھیوا بە برینداریی دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، دکتۆرەکان پێی دەڵێن کە بە "دەمی کەتەر" بریندار کراوە و چارەسەری بۆ دەکەن.

ھیوا دەڵێت، کە کێشەی کۆمەڵایەتیی لەگەڵ ھیچ کەسێکدا نییە و سکاڵای یاسایشی لەسەر ئەو دوو کەسە تۆمارکردووە.

ھیوا مەحمود گەنجێکی دانیشتووی شارەدێی بازیان-ی سەر بە پارێزگای سلێمنییە ماوەی پێنج ساڵە کاری سەرتاشیی دەکات، نزیکەی ساڵێکیشە ھەفتانە ڕۆژێک بۆ دوو ڕۆژ دەچێتە ناوبازاڕی سلێمانی و بێ بەرامبەر قژی ھاوڵاتیانی کەمدەرامەت چاکدەکات.

بەوتەی خۆی، پێشتریش لەسەر ئەو کارەی ھەڕەشەی لێکراوە و لە ڕێگای نامەوە پێی وتراوە کە دەبێت واز لە چاککردنی قژی ھاوڵاتیانی کەمدەرامەت بھێنێت، بەڕادەیەک کە تایەی ئۆتۆمبێلەکەشیان تەقاندووە، خۆشی دەڵێت، کە نازانێت "بۆچی لەسەر ئەو کارەی رووبەرووی ھەڕەشە دەبێتەوە".

لەسەر ئەم ڕووداوە ڕۆژنیوز چەند جارێک پەیوەندی بە سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانییەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.

ک.س