هێشتا كارەكانی تەواو نەبووە پاركەكەی شارەزوور وێرانكراوە

پاركی گشتی شارۆچکەی شارەزوور، لەگەڵ ئەوەی گەورەترین پارکی شارۆچکەکەیە و ١٠ ساڵ لەمەوبەر بە گوژمەی زیاتر لە ٢ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینار دەست بە دروستکردنی کراوە، بەڵام هێشتا بەشێک لە کارەکانی بە تەواو نەکراوی ماوەتەوە و لە لایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە ڕادەستی شارەوانی نەکراوە، لەئێستاشدا زۆربەی کەرەستەکانی ناوی شکاون و لەناوچوون.


پاركی گشتی شارەزوور، لەسەر ڕووبەری ٢٥ دۆنم زەوی لە ساڵی ٢٠١٠ بەكوژمەی ٢ ملیارو نزیكەی ٣٠٠ ملیۆن دینار دروستكراوە و كۆمپانیای ڕەئوف، کارەکەی جێبەجێکردووە، بەڵام بەشێک لە کارەکانی بە تەواو نەکراوی ماوەتەوە، لەئێستاشدا زۆربەی کەرەستەکانی ناوی شکاون و بەشێک لە نەمام و دارختەکانی ناو پارکەکە وشکبوون.

شارۆچكەی شارەزوور سەر بەپارێزگای سلێمانییە، ڕێژەی سەوزایی تێیدا تەنها ٦٪ ئەوەش ڕێژەیەكی زۆر كەمە لەچاو ستانداری جیهانیدا کە کەمترین ڕیژەی سەوزایی دەبێت ١٥٪ بێت.

پاركی گشتی شارەزوور، دەکەوێتە ناوەندی شارۆچکەی شارەزوورەوە بە ئامانجی زیادکردنی سەوزایی و دابینکردنی شوێنی پشوودان بۆ هاوڵاتییان درووستکرا، بەڵام ئێستا كەرەستەكانی ناو پاركە لەلایەن بەشێک لە هاوڵاتیان و بەهۆی نەبوونی پاسەوان و چاودێرەوە زۆربەی تێکدراون و شکێندراون و دەستشۆر و شوێنی تەوالیتەکانی بە تەواوی بێکەڵکراون، سەر دیواری كۆشكەکانی ناوی بەنوسینی خۆشەویستی گەنجان و چەندین قسە و وتەی جۆراوجۆر، ناشرین کراون، تەواوی ڕوناککەرەوەکانی ناو پارکەکە شکێنراون، هەر بۆیە هاوڵاتیان بەشەو هیچ سودێک لە پارکەکە وەرناگرن، هەروەها بەشێك لەنەمامەكانیشی بەهۆی خزمەتنەکردنیانەوە وشكبوون.

سالم سلێمان، دانیشتووی شارۆچكەی شارەزوورە و لە بارەی کیشەی پارکەکەوە بەمشێوەیە قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد، وتی: "بەداخەوە پاركەكە بەجۆرێك لەجۆرەكان كەمتەرخەمی پێوە دیارە، بەتایبەت لەوكاتەی حكومەت تووشی قەیرانی دارایی بوو پشتگوێخرا، ئەو بەشانەی كە ئاوەدانكرابووە و خزمەتگوزایی تێدا بوو لەئێستادا زۆربەی شكاون، هەروەها بەشێك لەتەوالێتەكانی وێرانبوە و لەناوچوون بەكەڵكی بەكارهێنان نەماون".

وتیشی: پاركەكە بەپێی پێویست كارگوزار و پاسەوانی نیە، بۆ ئەوەی بتوانن پارێزگاری لەو كەلوپەلانە بكەن لەناو پاركەكەدا بوونی هەیە، هەروەها وەك پێویست ئاوی نییە بۆ ئەوەی ئەو چیمەن و سەوزاییەی تێیدایە وەک پێویست ئاوبدرێن و پارێزراوبن، دەبێت بەرپرسانی شارەكە زیاتر ئاوڕ لەپاركەكە بداتەوە بۆ ئەوەی جوانترو پارێزراوتربێت، داواشی لە خەڵک کرد پاركەكە بپارێزن چونكە هی هەمووانە نەك تەنها لایەنێك.

عەتا عەبدوڵا، هاوڵاتییەكی دیكەی دانیشتووی شارۆچکەکەیە لەگەڵ منداڵەكانیدا هاتبووە پاركەکە، بەمشێوەیە دووا "پاركەكە شوێنێكی گشتییە بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان دروستكراوە، بەڵام بەداخەوە هەندێك لەهاوڵاتیان نرخی ئەو پاركە نازانن بەشێكی زۆری كەرەستەكانیان شكاندووە".

ئەوەشیخستەڕوو کە ئەگەر "پاركەكە ئاوا بێت ناتوانرێت وەك پێویست سودی لێوەربگیرێت، بدرێت بەكەرتی تایبەت ڕەنگە لەئێستای باشتر بێت، یان  حكومەت خۆی چاودێری زیاتری بۆ دابین بكات، بۆ ئەوەی زیاتر پارێزراو بێت".

سالار ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانی شارۆچكەی شارەزوور، لە بارەی کێشەکەوە بۆ ڕۆژنیوز، دواو وتی: "لە چەند ساڵی ڕابردوودا پاركی گشتی شار بەكۆمەڵێك خزمەتگوزارییەوە خرایە خزمەتی خەڵكەوە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەشێكی كەرەستەكانی پاركەكە نەپارێزران و شكێنران، وەك WC و كۆشك و یاری منداڵان كورسییەكانی ناوی، خەڵكیش خۆی زەرەر دەكات پاركەكە والێدەكەن".

وتیشی: شكاندنی ئەو كەرەستانە بووەتە گرفت لەبەردەمی ئێمەدا، توانایی چارەسەكردنیانمان نیە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، چونكە مانگانە بڕی ٢ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دینارمان لەبەردەستدایە بۆ ئەنجامدانی هەموو كارەكانی شارەوانییەکەمان.

ئەوەشی وت، پاركەكە گرفتی ڕادەستنەكردنیشی هەیە، بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە ڕادەست بكرێت، ئەوەش ئەوەندەی دیكە كێشەكەی قورستر كردووە، لیژنەكانی شارەوانی بەهۆی ئەو کەموکورتییانەی بۆی درووستبووە ناتوانێت بەپێی پێویست مامەڵە بۆ كۆمپانیاكە بکات تاوەكو و مافەكانی خۆی وەربگرێت، ئەمەش بووە بەگرفت بۆ هەردوولامان، لەم كاتەشدا توانای چارەسەركردنیمان نیە.

سەرۆكی شارەوانی شارۆچكەی شارەزوور، ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو كەرەستانەی شكێنراون، لەئێستادا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەكانی سلێمانیەوە لیژنەیەك لەسەر تێكدانی ئەو شوێنانەی پاركەكە پێكهێنراوە، چاوەڕوانی ڕاسپاردەكانی لیژنەكەین بەوەی ئەو كەرەستانەی شكێنراون لەسەر حكومەت ماڵە یان كۆمپانیاكە، ئەگەر ئەو كێشەیە چارەسەر بێت، وەرگرتنی كۆتای بۆدەكرێت دەبێتە موڵكی شارەوانی، ئینجا ئێمە دەتوانین هەندێك كەرەستەی دیكەی بۆ دابین بكەین.

بۆ وەرگرتنی ڕای كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكە لەسەر زیانەكانی پاركەكە، ڕۆژنیوز پەیوەندیكرد بەئەندازیاری سەرپەرشتیاری پاركەكە و نوێنەری كۆمپانیای جێبەجێكار بەڵام ئامادە نەبوون هیچ قسەیەك بكەن.

ک.س