هێشتا ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان لەخوار ستانداردی جیهانییە

سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ وەک ڕۆژی ژینگە دیاریکراوە، بە گوێرەی ستاندارە جیهانییەکانیش پێویستە لە هەموو وڵاتێک ڕێژەی سەوزایی لە ٢٠% بۆ٣٠% کەمتر نەبێت، بەڵام بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە هەرێمی کوردستان، هێشتا گرفتی کەمی سەوزایی هەیە و ڕێژەی سەوزایی ١٢.٤%ە، ژینگەپارێزێکیش، دەڵێت: ئەوەی کۆرۆنا کردی بە ماوەیەک ئێمە بە چەند ساڵ پێمان نەکرا.


ئێوارەی ١٦ی نیسانی ١٩٨٧، ڕژێمی ڕوخاوی بەعس، شێخ وەسان و بالیسانی لە دەڤەری خۆشناوەتی کیمیاباران کرد، لە ئەنجامدا ٢٦٤ ھاوڵاتی شەھید و زیاتر لە ٤٠٠ ھاوڵاتی برینداربوون و ژینگە و خاکەکەشی ژەهراوی بوون، هەربۆیە ١٦ی ٤ی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی ژینگەی هەرێمی کوردستان دیارییکراوە.

ڕێژەی سەوزایی و دارستان لە هەرێمی کوردستان ١٢.٤%ەیە

بە وتەی حسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی ئەو ئامارەی لە بەردەستیاندایە ڕێژەی سەوزایی و دارستان لە هەرێمی کوردستاندا، بە پێی ئەو وێنانەی لە ساڵی ٢٠١٥، مانگە دەستکردەکان تۆماریان کردووە، بریتیە لە دوو ملیۆن و ٥٠٧ هەزار دۆنم، کە لەو ڕێژەیە لە ٩.٥% ڕێژەی هەولێر، ٩.١%سلێمانی و ٢٧.٥% دهۆک، کە جیاوازترە ڕێژەکەی لە چاو شوێنەکانی دیکە، چونکە پێش ٢٠١٥ ئەو ڕێژەیە دیاریکراوە، بۆیە هەرچەندە لە هەموو وڵاتاندا ڕێژەی ستانداردی جیهانیی بۆ سەوزایی پێویستە لە ٢٠%بۆ٣٠% بێ، بەڵام  لە سنووری هەرێمی کوردستان ڕێژەکە لە ١٢.٤%ە.

هەروەها ٣٥هەزار و ٤٧٢ دۆنم دارستانی دەستکرد لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، کە پارێزگای هەولێر ٨ هەزار و ٨. ٩٨٨ دۆنم، پارێزگای سلێمانی ١٥هەزار و ٩٨٠، پارێزگای دهۆک هەشت هەزار و ٩٦٨.٢ و پارێزگای هەڵەبجە هەزار و ٩٠٥ و گەرمیان ٥٣١.٣ دەگرێتەوە.

١٧ بەنداو هەیە و ١٧ بەنداوی دیکەش لە بواری جێەجێکردندان

لە هەرێمی کوردستاندا ١٧ بەنداوی گەورە و بچوک هەیە، سەرەکیترینیان بەنداوەکانی دوکان، دەربەندیخان و دهۆک، کە دە بەنداویان دەکەونە سلێمانی و گەرمیانەوە، چوار بەنداوی لە هەولێر و سێ بەنداوی دیکەشی دەکەوێتە دهۆکەوە، ھەروەھا ١٦ بەنداوی دیکەش دیزاینیان بۆ کراوە و لە جێبەجێکردندان، کە ئەوانیش هەشتیان لە سلێمانی و گەرمیان، پێنج لە هەولێر و سێ لە دهۆکە، ئەو١٧ بەنداوەی کە لە هەرێمی کوردساندا هەن، توانای گلدانەوەی ١٠ ملیارد مەتر چوارگۆشەیان هەیە.

یەکێکی دیکە لە پێکهاتەکانی ناو ژینگە کە دەستی مرۆڤەکانی تێدایە و بە قازانج و زیان تەواو دەبێت، بریتیە لە بەنداو، کە یەکێکە لە هۆیەکانی گلدانەوەی ئاو، کە دەتوانرێت بۆ کشتوکاڵکردن و بەدەستهێنانی وزەی کارەبا سوودی لێوەر بگیرێت، بەڵام لەگەڵ سودەکانی چەندین زیانی بۆ زەوی هەیە، لەوانە سروشت، سامانی ماسی و گۆڕانی کەشوهەوا، تەنانەت هەندێک جار بەنداو دەبێتە هۆی لەناو بردنی سامانی کلتوری و مێژوویی ئەو ناوچەیەی کە تێیدا دروست دەکرێت، بۆ نمونە بەنداوی گاپ کە تورکیا لە ناوچەی حەسەن کێف-ی باکوری کوردستان دروستیکرد، کە بە یەکێک لە ناوچە مێژووییەکانی کوردستان دادەنرێت کە مێژووەکەی بۆ ١٢ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵام بەنداوەکە ئەو مێژووە دەوڵەمەندە بە یەکجاریی دەسڕێتەوە.

بەهەمانشێوە لە ناوچەی هەورامانیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەوڵەتی ئێران سەرقاڵی دروستکردنی بەنداوێکە لەسەر ڕووباری سیروان بە ناوی بەنداوی داریان، کە بە تەواوبوونی ئەو بەنداوەش زیاتر لە ٤٠ شوێنەواری مێژوویی ناوچەکە دەکەوێتە ژێر مەترسی سڕینەوە و لەناوچوون.

هەوڵی رێکخراوەکان و پەرەدان بە ڕێژەی سەوزایی

ئەگەرچی ساڵانە بەشێکی زۆر نەمام لە ناو نەمامگە حکومییەکاندا دەڕوێنرێت و زۆرینەشی لەناودەچێت، ئەویش بە هۆی ئەوەی کە لە دوایی ئەو نەمام چاندنە بیر لە ئاودان و خزمەتکردنیان ناکرێتەوە، بۆیە بەشێکی زۆری بە گەرمای زۆر، خواردن لە لایەن ئاژەڵان و ناهۆشیاری هاوڵاتیان لە ناو دەچن.

رێکخراوی سروشتی کوردستان، لە چوارچێوەی زیاد کردنی ڕێژەی سەوزایی مانگی نیسانی ساڵی پار پڕۆژەیەکیان پێشکەش بە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کردووە و داوای دروستکردنی پارکی نیشتمانیان کردووە، کە ئەم پارکە بە مەبەستی خزمەتکردن و پەرەدان بە هەڵمەتی هاوڵاتیان بۆ نەمام چاندنە، کە لە کاتی بۆنەکانی وەک لە دایکبوون، هاوسەرگیریی، دەرچووی زانکۆکان و کەسە جیاوازەکانی دیکە ئەنجامی بدەن.

هەژیر ئیسماعیل، ئەندامی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، بۆ ڕۆژنیوز لەو بارەیەوە قسەی کرد و وتی: ئێمە کە باسی سەوزایی دەکەین باسی یارمەتیدەری هەناسەدان و سەرچاوەی ئۆکسیجن دەکەین و ژینگە شوێنی ژیانی مرۆڤ و زیندەوەرانە و هەر پیسبوونێکی بەرامبەر دروست بێت کاریگەرییەکەی لە سەر خۆمان دروست دەبێ، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان لە ئاستی ژینگەدا بەرپرسیار بن و ژینگە بپارێزن.

ئەو ژینگە پارێزە ئەوەشی وت: ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ پاککردنەوەی ژینگە کردی هیچ یەکێک لە ڕێکخراوەکان بە درێژایی چەند ساڵ کارکردنیان نەیانتوانی بیکەن، چونکە بۆ ماوەیەک هاتووچۆیی ئۆتۆمبێلەکانی ڕاگرت و پاشماوەکانی کەمکردەوە.

ک.س