هەدەپە و کەجەدە: سەربازەکان بە ئەنقەست دارستانەکان دەسووتێنن

دەستەی هاوبەشی هەدەپە و کەجەدە، بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی سووتانی دارستانەکانی ئامەد ڕایانگەیاند، کە سەربازەکان بە ئەنقەست ئاگر لە دارستانەکان بەردەدەن.


ئەمڕۆ دەستەی هاوبەشی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە و کۆنگرەی جڤاکی دیموکرات- کەجەدە، لە بەردەم ناوەندی هەدەپە لە ئامەد کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان دەربارەی سوتاندنی دارستانەکانی سنووری ئامەد بەڕێوەبرد و تێیدا پەرلەمانتارانی هەدەپە و بەڕێوەبەرانی کەجەدە بەشدارییان کرد.

ئەو دەستە هاوبەشە لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند، کە دارستانەکانی هەزرۆ و پاسور و لیجەی ئامەد بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورک و بە ئەنقەست ئاگریان گرتووە و ڕێگری کراوە لە کوژاندنەوەی ئاگەرەکە لەلایەن هاوڵاتیانەوە.

لە کۆنگرەکەدا ڕاگەیەندرا، کە سوپای تورک لە ڕۆژی ٢٨ی تەمموزەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە هەزرۆ، لیجە و پاسور دەستپێکردووە و بە ئەنقەست دارستانەکان ئاگر دەدات.

هەروەها  ئاماژە بەوەدرا، ئەو هاوڵاتییە خۆبەخشانەی هەوڵیانداوە ئاگرەکە بکوژێننەوە و کۆنتڕۆڵی بکەن، لەلایەن هێزەکانی سوپای تورکەو ڕێگرییان لێکراوە.

س.ح