هەزاران مریشک فرێدەدرێنە ناو ئاوی زەڵم

نزیکه‌ى سێ هه‌زار مریشکی مردارەوەبوو فڕێ دەدرێنە ناو ئاوی زەڵم و بەپرسیارانی ژینگەیی و گەشتوگوزاری هەڵەبجەش دەڵێن:تەندروستی خەڵک و ژینگەی ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسیی بووەتەوە و پێویستە بکەری ئەوکارە سزای توند بدرێت.


شەوی ڕابردوو، نزیکەی سێ هەزار مریشکی مردارەوەبوو فڕێدراونه‌ته‌ ناو سه‌رچاوى ئاوى زه‌ڵم له‌ پردى زه‌ڵم له‌ نزیک گوندى گریگۆى سه‌ر به‌شاره‌دێى خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە و لەوبارەیەشەوە ئەمڕۆ سامان که‌ریم به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌شتوگوزارى هه‌ڵه‌بجه‌ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا.

له‌ کۆنگره‌یکەدا، سامان کەریم، ڕایگەیاند: فڕێدانى ئه‌و مریشکانه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هۆکارێکن بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ى چه‌ندین نه‌خۆشیى جۆراوجۆر، له‌هه‌مان کاتیشدا بوونه‌ هۆى ناشیرین کردنى سیماى ناوچه‌که‌ و پیسکردنى ئاوى ناوچه‌که‌، بۆیه‌ وه‌ک گه‌شتوگوزار بێده‌نگ نابین له‌م کاره‌و هه‌موو هه‌وڵێکمان ده‌خه‌یه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى به‌م کاره‌ هه‌ستاون.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، کە هه‌ر ئه‌مڕۆ هێزه‌کانى پۆلیس و ئاسایش و ئیداره‌ى ناوچه‌که‌ ده‌ستیان به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ کردووه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و که‌سه‌ى به‌م کاره‌ هه‌ستاوه‌، ئەگەر مۆڵەتی کردنەوەی کێڵگه‌ى په‌له‌وه‌ریى هەبێت، دەبێت مۆڵه‌ته‌که‌ى لێبستێندرێته‌وه‌ و سزایه‌کى توندیش بدرێت.

هەروەها، محه‌مه‌د حه‌سه‌ن، ئه‌ندازیارى سه‌رپەرشتیارى پرۆژه‌ى کۆکردنه‌وه‌ى خۆڵ و خاشاک له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ڕۆژنیوزى ڕاگه‌یاند: ئه‌وه‌ى ڕویداوه‌ دووره‌ له‌ هه‌موو به‌هایه‌کى مرۆڤایه‌تیى، چه‌ندین گوند سه‌رچاوه‌ى ئاوى باخداریى و ئاژه‌ڵدارییان له‌سه‌ر ئه‌م ئاوه‌یه‌ و ئه‌مه‌ مه‌ترسییه‌کى ژینگه‌یى زۆر گه‌وره‌ى له‌سه‌ر ناوچه‌که‌ دروستکردووه‌.

محەمەد، وتیشی: به‌هۆى زۆرى مریشکه‌کان و بڵاوبوونه‌وه‌یان به‌ناو ئاوه‌که‌دا ناتوانین به‌ کرێکاره‌کانمان ئاوه‌که‌ پاک بکه‌ینه‌وه‌ به‌ڵکو پێویستمان به‌ ئامێرى تایبه‌ت هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مریشکه‌کان ده‌ربهێنینه‌وه‌ و له‌ شوێنێکى گونجاو بیان سوتێنین.

ش.ف