هەولێر بۆ یادی لەدایکبوونی ئۆجالان نەمامی چاند

ژمارەیەک لە چالاکوانان و خانەوادەی شەهیدان، بە چاندنی چەندین نەمام لە شاری هەولێر، ڕۆژی لە دایکبوونی ئۆجالانیان پیرۆز کرد.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە سەیرانگەی دڵۆپە لە هەولێر، بە مەبەستی پیرۆزکردنی ٤ی نیسان، ساڵڕۆژی لە دایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، چەندین نەمام چێندران.

مام هادی، باوکی شەهید باشور بە ڕۆژنیوزی وت: ئەمڕۆ ئێمە وەکو خەڵکی شاری هەولێر بە بۆنەی ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەر ئاپۆوە، چەندین نەماممان چاند و ٤ی نیسانمان پیرۆز کرد.

وتیشی: لە دایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە دایکبوونی تەنها مرۆڤێک نییە، بەڵکو ڕۆژی ژیانەوە و نوێبوونەوەی گەلی کورد و ژنان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

ئەوەشی وت: ئەم یادە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت، کە لەلایەک گۆشەگیریی سەر ڕێبەرمان لە هەر کات زیاتر لە لایەن دەوڵەتانی هەژموونگەرای جیهانیی بە تایبەت دەوڵەتی تورکی فاشیست توند کراوە و دەیانەوێت بە گۆشەگیریی ڕێگا لە پرسی چارەسەریی بگرن.

عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، لە ٤ی نیسانی ساڵی ١٩٤٩ لەدایک بووە، ئەمڕۆ تەمەنی بوو بە ٧٠ ساڵ، هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا گەلی کورد بە نەمامچاندن ڕۆژی لەدایکبوونی ئۆجالان پیرۆز دەکەن و لەم ڕۆژەدا هەزاران نەمام دەچێنن.

ئۆجالان ماوەی ٢٠ ساڵە لە زیندانی ئیمرالی گۆشەگیر کراوە، ئەوەش دوای ئەوەی بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ دەستگیرکرا.

 

ک.ک