هەولێر، بە چاندنی نەمام  ڕۆژی ژینگەی کوردستان بەرز راگیرا

بەچاندنی نەمام لە شاری هەولێر، ڕۆژی ژینگەی کوردستان بەرز ڕاگیرا و ژینگە پارێزانیش ڕایدەگەیەنن، ڕێژەی سەوزایی لەهەرێمی کوردستان لەئاستی ستانداردی نێودەوڵەتیدا نییە.


ئەمڕۆ بەبۆنەی ڕۆژی ژینگەی کوردستان، سەرەڕای قەدەغەی هاتووچۆ و ڕێکارەکانی خۆپارێزی کۆرۆنا، هەڵمەتێکی نەمام چاندن لە نەخۆشخانەی ئیماراتی هەولێر کە بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆڕۆنا تەرخان کراوە، بەڕێوەچوو.

ئاسۆ شکاک، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاڤیار بۆ هۆشیاری ژینگە  ڕاگەیاند: پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و هێزە ئەمنیەکان و کارمەندانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن وەک سەربازێکی ون خزمەت دەکەن بۆ ئەوەی ژینگەیەکی دوور لە کۆرۆنا فەراهەم بکەن، ئێمەش وەک ڕێکخراوە ژینگەییەکان لەهەڵمەتی پاراستنی ژینگە بەردەوام دەبین هەرچەندە پاک ڕاگرتنی ژینگە لە ئاستی داخوازی ئێمەشدا نییە.

وتیشی: ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتیدا نییە، چونکە بەپێی داتاکانی ئەندازەی پارکەکان تائێستا لەبەشێک لەشارەکان ڕێژەی سەوزایی لەخوار ستانداردی نێودەوڵەتییەوە.

ش.ف