هەوڵدەدرێت هاوکارى عێراق بکرێت لەڕووى ژینگەوە

هەوڵدەدرێت هاوکارى عێراق بکرێت لە سندوقى نێودەوڵەتى هاوکارى ژینگە، بۆ ئەوەى ژینگەکەى بپارێزێت و بەشدار بێت لە باشترکردنى دۆخى ژینگە لە جیهاندا.


ئەمڕۆ لە هۆڵى هۆتێل هاى کریست لە شارى سلێمانى، کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسى هاوبەشى دەستەى ژینگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى تەندروستى و ژینگەى عێراق و نوێنەرى ڕێکخراوى (undp) سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچوو.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، لوقمان شێروانى، نوێنەرى دەستەى ژینگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان وتى: ئامانجى کۆبوونەوە و گفتوگۆى ئێمە بۆ ئەوەیە کە عێراق بەشداربێت لە پاراستنى ژینگەدا لە چوارچێوەى ئەو پلانە نێودەوڵەتییەی کە بۆ پاراستنى ژینگە دانراوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، کە ئێستا لەسەر ئاستى جیهان هەوڵدەدرێت پلەکانى گەرما دوو دەرەجە بهێندرێتە خوارەوە و وتیشی: ئەوەش بە پلانێکى تۆکمە کارى بۆ دەکرێت، لەو چوارچێوەیەشدا ڕێکخراوى (undp) هەوڵدەدات ڕێنمایى عێراق بکات بۆ ئەوەى بتوانێت بە سود وەرگرتن لە سندوقى نێودەوڵەتى هاوکارى ژینگە بەشداربێت لە پاراستنى ژینگەى خۆیى و ژینگەى جیهانیش.

لوقمان شێراوانى، ئاماژەى بە پیسبوونى ژینگەى عێراق کردوو وتى، کە ژینگەى عێراق مەترسى لەسەرە و ساڵى پار ١٠٦ ڕۆژ خۆڵبارین و تەپوتۆز هەبووە، وە چەندین دیاردەى دیکەى پیس بوونى ژینگە بوونیان هەیە لە عێراقدا.

سندوقى نێودەوڵەتى هاوکارى ژینگە، لەساڵى ٢٠١٥ لە شارى پاریسى پایتەختى فەرەنسا دروستکرا، ساڵانە ١٠٠ ملیار دۆلارى تێدا دادەندرێت بۆ ئەوەى بە ئامانجى پاراستنى ژینگە خەرج بکرێت، زۆرینەى ئەو پارەیەش لەو وڵاتانە وەردەگیرێت کە وڵاتى پیشەسازین و ڕۆڵى نەرێنییان هەیە لە پیسکردنى ژینگەدا.

س.ح