هەپەگە شەهیدبوونی فەرماندەیەکی ڕاگەیاند

هەپەگە ڕایگەیاند: ئەندامێکی فەرماندەیی ئەیالەتی زاپ-یان بەناوی 'هێلین هەلەنا' لەهێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورک شەهید بووە.


ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکردیکرد کە ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە ئەندامێکی فەرماندەیی ئەیالەتی زاپ-یان لە هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی تورک شەهید بووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورک، ٢٠ی ئەم مانگە ئەیالەتی زاپ-یان لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بۆردوومانکردووە، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا ئەندامی فەرماندەیی ئەیالەتی زاپ هەڤاڵمان 'هێلین هەلەنا' (لەیلا کاراباش) شەهید بووە.

هەپەگە بەو شێوەیەش ناسنامەی ئەو فەرماندەیەی بڵاو کردووەتەوە:

ناسناو: هێلین هەلەنا

ناو و پاشناو: لەیلا کاراتاش

شوێنی لەدایکبوون: یالۆڤا

ناوی دایک و باوک: سالحە- قاسم

کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٠ی ئابی ٢٠١٩ – زاپ

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەڤاڵمان هێلین ساڵی ١٩٨٦ لە یالۆڤا لە دایک بووە و لەناو خانەوادە و کەسوکارێکی وڵاتپارێز گەورە بووە، لە بەرامبەر سیاسەتەکانی تواندنەوەی گەلی کورد وەستاوەتەوە و وەک وەڵامێک بۆ گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٩٩ لەدژی ڕێبەرایەتیمان، ساڵی ٢٠٠١ لە مێرسین بەشداری ڕیزەکانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی بوو، هەڤاڵ هێلین بۆ وڵاتێکی ئازاد و ڕێبەرایەتی ئازاد بەشداری تێکۆشانی پەکەکە بوو و بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە تێکۆشانی کرد، لە کۆتاییشدا لە زاپ کە تێدا شەهید بوو، لەدژی سوپای داگیرکەری تورک لە ڕیزی پێشەوە بوو بە ڕەنجی خۆی هەوڵیدا زیهنییەتی گەریلایی نوێ بەهێز بکات.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە: سەرەتا سەرەخۆشی لە خانەوادەکەی و هەموو گەلی وڵاتپارێزی کورد دەکەین و بەڵێن دەدەین، کە بۆ بیرهێنانەوەی هەڤاڵی فیداییمان، تێکۆشانی ئازادی کوردستان بەسەر بخەین.

س.ح