هەڵمەتی هەڵەبجە دۆستی ژینگەیە ڕاگەیاندرا

بەمەبەستی سەوزکردن و پاک رڕاگرتنی  ژینگەی شارەکە، ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان، هەڵمەتی 'هەڵەبجە دۆستی ژینگەیە'ی ڕاگەیاند، کە چەندین چالاکی ژینگەیی تێدا بەڕێوەدەبەن.


ئەمڕۆ ڕێکخراوی ' ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان' بە هاوکاری ژینگە دۆستانی سنوورەکە، هەڵمەتێکیان بۆ پاراستنی ژینەگە ڕاگەیاند.

بەپێی وتەی سەرپەرشتیارانی هەڵمەتەکە، ئەو هەڵمەتە بریتی دەبێت لە ' پاکردنەوەی شار، سیمیناری ژینگەیی، ناشتنی نەمام و چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە پاراستنی ژینگە.

لە کاتی ڕاگەیاندنی هەڵمەتەکەدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، بەیاننامەیەک بەناوی هەڵەبجە دۆستی ژینگەیە لەلایەن سارا سەلام بەرپرسی بەشی ژینگە لە ڕێکخراوەکە خوێندرایەوە، تێیدا باس لەوەکراوە، هەڵمەتەکە چەندین جۆر چالاکی بۆ خزمەتی ژینگە دەگرێتەوە، لە ناویاندا سیمیناری تایبەت بە پاراستنی ژینگە بۆ لە ناوەندەکانی خوێندن و شوێنە گشتیەکاندا، هەروەها سەوزکردن و ناشتنی نەمام و بە کلتورکردنی تورەکەی قوماش بۆ خاشاک، لە جیاتی عەلاگەی نایلۆن.

لە بەیاننامەکەدا داوا لە هاوڵاتیان کراوە، لەپێناو خزمەتکردنی ژینگەدا هەموو هاوکاریی یەکتربکەن "چونکە پیس بوونی ژینگە زیان بە خودی هاوڵاتیان دەگەیەنێت و چەندین نەخۆشی کوشندە بڵاودەکاتەوە".

س.ح