هەڵمەتی چاندنی زیاتر لە ١٠ هەزار نەمام دەستیپێكرد

لە شاری كەركوك، هەڵمەتی چاندنی زیاتر لە دە هەزار نەمام لە ٣٦ گەڕەك و شەش شارەدێی شارەكە دەستیپێکرد.


ئەمڕۆ، گروپی كۆكار بۆ كاری خۆبەخشی و مرۆیی، لە شاری کەرکوک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتییەوە دەستیان بە هەڵمەتی چاندنی ١١ هەزار و چوار نەمام کرد کە لە هەڵمەتەكەدا هەزار و ٥٠٨ خۆبەخش لە ٣٦ گەڕەك و شەش شارەدێ و شارۆچكەی کەرکوک نەمامەکان دەچێنن.

بەر لە ئەنجامدانی هەڵمەتەكە لە باخچەی قەڵای كەركوك، سروە ڕەئوف، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەرایەتی كۆكار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەکی گروپەکەی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو "وەك ئاشكرایە شاری كەركوك شارێكی پیشەسازی و گەرمە، وە ڕێژەی سەوزایی كەمە و ساڵانەش تادێت پلەكانی گەرما لەم شارە بەرزتر دەبێتەوە و بەرەو دۆخێكی مەترسیدار هەنگاو دەنێت، دامەزراوەی كۆكار بۆ پەرەپێدان و كاری خۆبەخشی ماوەی چەند مانگێكە ئامادەسازی كردوە بۆ كۆكردنەوە و چاندنی دە هەزار نەمام لە شاری كەركوك".

وتیشی: "خۆبەخشەكانی كۆكار سەرپەرشتی پلاندانان و كۆكردنەوە و جێبەجێكردنی ئەم كەمپینەیان لە ئەستۆ گرتووە كە ئامانج لەم كارە بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی و بە كەلتورکردنی چاندنی نەمامە لە شاری كەركوك، دەمانەوێت بەم هەڵمەتە ئاشتی و پێكەوەژیان لەم شارە بەدی بهێنین كە ئەمڕۆش هەڵمەتەکە لە ڕۆژی جیهانی ئاشتی دەستیپێكردووە".

دوای كۆنگرەکەش تیمەكان لەسەرجەم گەڕەكەكانی شارەكە بە هاوكاری هاوڵاتیانی شارەكە دەستیان بە چاندنی نەمامەکان كرد.

ک.س