وەرتێ، هەڵمەتێکی پاککردنەوەی زبڵ و جێماوە پلاستیکیەکان بەڕێوەچوو

ناوەندی کلتوری چۆمان بە هاوکاری ڕێکخراوی وەرتێ بەبەشداری ژمارەیەکی زۆر لە توێژە جیاجیاکانی سنوری شارەدێی وەرتێ، هەڵسان بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی ژینگەپاککردنەوەی سنورەکە لە زبڵ و جێماوە پلاستیکیەکان.


ئەمڕۆ لە شارەدێی وەرتێ سەربە شارۆچکەی ڕواندز هەڵمەتێکی پاککردنەوەی ژینگەی ناوچەکە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی سنورەکە بەڕێوەچوو، تێیدا نزیکەی ٣٠٠ کیسی زبڵ و جێماوە پلاستیکیەکان کۆکرانەوە.

باخەوان حەسەن ئەندامی ڕێکخراوی وەرتێ بۆ ڕۆژنیوز، وتی: ناوەندی کلتوری چۆمان بەهاوکاری ڕێکخراوی وەرتێ، هەڵمەتێکی پاککردنەوەی ژینگەمان دەستپێکردووە، ئەمە یەکەم هەلمەتی ژینگەپارێزییە کەلە سنورەکە بەڕێوەچووە، و تێیدا ئەو شوشەو پلاستیکانەی کەلەلایەن هاوڵاتیانەوە فرێدرابوون کۆکرانەوە.

وتیشی: ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر چالاکی ژینگەپارێزی و هەرجارەو شوێنێک و هەر هەفتەی شوێنێک پاک دەکەینەوە.

هەڵمەتەکە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە کچان، کوڕان و مندالان و هاوڵاتیانی سنورەکە بەڕێوەچوو، ئامانجیان ئەوەیە ژینگەپارێزی ببێتە کلتورێکی ناوچەکەیان.

چالاکوانان و ژینگەپارێزان داوا دەکەن، خەڵک و گەشتیاران هاوکاریان بن لە پاکڕاگرتنی شوێنەکان و بەشداربن لە هەلمەتەکانی داهاتووی ژینگەپارێزی لە سنورەکەیان.

ب.ش