وەرزی مەرەزەکردن لەشارەزوور دەستیپێكرد

مەرەزەکردن لەسنوری شارۆچكەی سەیدسادق و دەشتی شارەزوور دەستیپێكرد و دوو جۆر چەڵتوك (گوڵ سپی و مەولەوی) بەرهەم دێت، جوتیارانیش دەڵێن: جۆری گوڵ سپیەكەیان بەڕێژەیەكی زیاتر دەكرێت چونکە بەرهەمی زیاتر و باشترە، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سەیدسادقیش دەڵێت: جوتیاران بەهۆی وشكە ساڵییەوە لە ساڵانی ڕابردوودا گرنگی ئەو تۆیان بەو بەرهەمە نەداوە.


وەرزی مەرزەکردن و چاندنی چەڵتوک بۆ بەرهەمهێنانی برنج لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران دەستپێدەكات و لەمانگی ١٠ دروێنە دەكرێت، خواردنی برنج لە كوردستاندا لەدوای گەنم پلەی دووەمی هەیە.

ساڵانی ڕابردوو جوتیارەكان بەدەست و بازووی خۆیان گۆلی مەرەزەكەیان دەبڕی، بەڵام ئێستا بەئامێری (گلێدەر) زەویەكە تەخت دەكەن و گۆلەكەشی پێدەبڕن ئەوەش كار ئاسانییەكی باشی بۆ جوتیارەكان کردووە و چاندنی ٥٠ كیلۆ چەڵتوكیش، بەپێی جۆری چەڵتوكە كە لە ٣٠ فەردەوە تا ٣٥ فەردە چەڵتوكی لێبەرهەم دێت واتا (نزیکەی دوو تەن).

دوو ڕۆژ پێش چاندنی جوتیاران چەڵتوكەكە لەئاو دەكەن، بۆ ئەوەی لەكاتی چاندنیدا زوو سەوز بێت، هەروەها ئەو تۆوەشی پوچە هەمووی دەكەوێتە سەر ئاوەكە و فڕێی دەدەن، چەڵتوك لەهەموو خاك و زەویەكدا دەكرێت، بەمەرجێك ئەو زەوییە ساڵی پێشتر مەرەزەی تێدا نەكرابێت، چونكە بژار و گرژ و گیای زۆر دەبێت بڕشت یان بەرهەمیشی باش نابێت.

محەمەد مارف، جوتیارێكی گوندی كەوچكتاشی، سنوری شارۆچكەی سەیدسادقە، قسەی بۆ ڕۆژنیوز كردو وتی: ئەو چەڵتوك و برنجەی لەسنورەكەی ئێمەدا دەكرێت، چەڵتوكی گوڵ سپیە كە جۆری (ساردەشی پێدەوترێت)، چونكە ئەو جۆرە چەڵتوكە لەگەڵ ئاو و هەوای ناوچەكەماندا دەگونجێت، بڕشتیشی زۆرە، هەروەها برنجەكەشی زۆر جوانە، تاموبۆنێکی‌ خۆشیشی هەیە لەخوارندا، وتیشی: مەرەزە تا ئاوەكەی ساردبێت ئاوی پایزیش بخوات بەرهەم و بڕشتی باشتر و زیاترە، دواتر برنجەكەی زۆر چاك دەردەچێت.

فارس فایەق، جوتیارێكی دیكەی هەمان گوند بۆ ڕۆژنیوز قسەی كرد و وتی: لەگوندەكەمان ساڵانە ٤٠ دۆنم زەوی دەكرێت بەمەرزە، بەزۆری دوو جۆر مەرەزە دەكرێت، گوڵ سپی، لەگەڵ مەولەوی، بەڵام جۆری گوڵ سپیەكەیان بەڕێژەیەكی زیاتر دەكرێت، چونكە ڕێژەی بەرهەمەكەی زۆر باشە، هەروەها برنجەكەشی زۆر جوانە تامی خۆشەک مەولەویش كەجۆری گەرمەشی پێدەوترێت كەمتر دەكرێت، چونكە بڕشتی كەمەو برنجەكەشی جوان نیە.

سەبارەت بە بوونی نەخۆشی لەناو مەرزەدا وتی: مەرەزە بەدەرنیە لەنەخۆشییە كشتوكاڵیەكان، نەخۆشی (شەرا) كەهەوایەكی گەرمی وەرزی هاوینە لێی دەدات مەرەزەكە وشك دەكات و دەیكات بەپوش، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە "ئەو برنجەی ئێمە دەیكەین زیاتر بۆ خواردنی خۆمانە، هەرچیمان لێ زیاد بێت لەبازاڕەكاندا دەیفرۆشین، نرخی یەك كیلۆ چەڵتوكیش بەپێی جوانی و جۆرەكەی لە هەزار دینارەوە تا دوو هەزار دینار دەكات، بەڵام بەهۆی هاوردەكردنی برنج لەدەرەوەی كوردستان نرخی برنجی كوردی دابەزیووە".

لای خۆیەوە عوسمان فەرەج، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سەیدسادق، بۆ ڕۆژنیوز، وتی: مەرەزە لەسنورەكەی ئێمەدا بەڕێژەیەكی كەمدەكرێت، جوتیارەكانمان بەرهەمهێنەر نەبوون لەمەرزەدا، زیاتر بۆ پێداویستی خۆیان مەرەزە دەكەن، بەهۆی وشكەساڵیەوە ماوەی چەندین ساڵە جوتیارانی سنورەكەمان بەڕێژەی ٨٥٪ دەستیان داوەتە بەرهەمی دانەوێڵەی گەنم.

ئەوەشی وت "چەڵتوك زیاتر لەكەرتی یەكی مووان، كەرتی چواری سەراو قلرخ، هەروەها كەرتی حەوتی قەرەتەپە دەکرێت، چاوەڕوان دەكەین جوتیارەكانمان لەو شوێنانە بەرهەمی مەرەزە بكەن".

ئەو بەرپرسەی كشتوكاڵ باسی لەوەشكرد، ناتوانین ڕووبەری زەوی چێنراو بە مەرزە دیاریبكەین، چونكە لە بەرهەمە هاوینەییەكاندا دانەنراوە، چونكە چاوەڕوانی ئەوەمان نەكردوە سەرچاوەكانی ئاو بەهۆی زۆری ڕێژەی باران بارینەوە ببوژێتەوە جوتیارانیش چەند ساڵی ڕابردوو بەهۆی وشكە ساڵییەوە گرنگی ئەو تۆیان بەو بەرهەمە نەداوە.

ک.س