وەزارەتی کشتووکاڵی هەرێم وادەی قەدەغەکردنی ڕاوە ماسی ڕاگەیاند

وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان وادەی کۆتاییهاتنی ڕاوە ماسی بە هەموو شێوەیەک تا ناوەڕاستی مانگی شەش ڕاگەیاند.


وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو'ی حكومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، لە پێناو پاراستنی سامانی ماسی، ڕاوکردنی ماسی لە ١٥/٣ تا ١٤/٦ لە هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوازەکانی قەدەغەیە.

بێگەرد تاڵەبانی لە ڕاگەیەنراوێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە، ڕاوکردن بە شێوازە نایاساییەکانی ڕاوکردنی بە کۆمەڵ وەک ( کارەبا، ماددە ژەهراوییەکان، تەقەمەنییەکان و تۆڕی کونی بچوک و ...هتد) لە گشت وەرزەکانی ساڵدا قەدەغەیە.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی سێ‌ مانگ بەهۆی وەرزی گەرادانان و زاوزێی ماسییەوە، قەدەغەكردنی ڕاوە ماسی لە ڕووبار و دەریاچەكانی هەرێم ڕادەگەیەنرێت.

ساڵانە لەو وادەیەی دیاریكراوە وەك ماوەی قەدەغەكردنی ڕاوە ماسی لە هەرێمی كوردستان، بەشێك لە ڕاوچییەكان بە شێوەیەكی نایاسایی بەردەوام دەبن لە ڕاوكردن، ئەوەش پێچەوانەی رێنماییەكانە و زۆرجار سەرپێچیكاران ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ١٣ بەنداو و ٣٨٢ حەوزی ماسی هەیە كە ٤٠٪ی پێداویستی نێوخۆ بۆ ماسی پڕدەكەنەوە، هەروەها ساڵانە حكوومەتی هەرێم بڕی جیاواز لە پەنجە ماسی دەخاتە دەریاچەكان.

س.ح