١٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە هەڵەبجە ڕوویانداوە

لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە هەڵەبجە ڕوویداوە و بووەتەهۆی سوتانندی سەدان دۆنم زەوی.


ئەمڕۆ، فەرمان عومەر، وتەبێژی پۆلیسی دارستانی پارێزگای هەڵەبجە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا و تیایدا ئاماری ئەمساڵی ئاگر کەوتنەوەکان و سەرپێچییەکانی وەرزی ڕاوەماسیی بڵاوکردەوە.

بەپێی ئامارەکە، لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا دەستیان گرتووە بەسەر ١٧ چەکی جۆراوجۆر، ١٥ ماتۆڕسکیل، کە بۆ ڕاوکردن بەکارهاتوون، ١١ کەویش ئازادکراون.

هەر لەو ماوەیەدا، ٤٧ سەرپێچیکار دەستگیرکراوە، ئەم ئامارەش بەراورد بەساڵی ڕابردوو ڕێژەكە زیادیكردووە بەجیاوازیی ١٧ كەس.

بەپێیئ ئامارەکە، لە ماوەی سێ مانگی وەرزی قەدەغەكردنی ڕاوەماسییدا ٣١٢ تۆڕی ڕاوكردنی ماسی و ٦٣٠ كیلۆ ماسی قەبارە جیاواز دەستیان بەسەردا گیراوە و ماسییەکان لەسەر بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە فرۆشراون بەبڕی یەک ملیۆن و ٥٤٥ هەزار.

هەروەها، لەئەمساڵدا ١٠ حەڵەتی ئاگر كەوتنەوە لە سنوورەکەدا ڕوویانداوە، بەهۆیەوە سەدان و دۆنم لە پوشو پاوانی ناوچە شاخاوییەكان سوتاون.

دوێنێ بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە لەپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، ڕیگەیاند، کە دەستێكی نادیار هەیە كەهەڵدەستیت بەسووتانی پوش و پاوان و دارستان و باخەكانی سنوورەكە بە بەكارهێنان و دانانی ئامێری كردنەوەی ئاگر یاخود بەدەستی ئەنقەست، بەڵام وتەبێژی پۆلیسی دارستانی هەڵەبجە ئەوەی ڕەتکردەوە و وتی:"ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە، ئەو كەسانەی دەستگیرمان كردوون بەشێكیان ئاگر لەدەستیان دەرچووە نەیانتوانیوە كۆنترۆڵی بكەن، هیچ حاڵەتێك نەبوە تۆمەتبارێك دەستگیركرابێت بەهۆی زەڕەبینەوە ئاگری كردبێتەوە".

ش.ف