١١ مامۆستا کە بەهۆی بەفرەوە گیریان خواردبوو ڕزگار کران

١١ مامۆستای وانەبێژی کچ لە حاجی ئۆمەران دوای ئەوەی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەفر لە شوێنی مانەوەیان دەرگای لەسەر داخستبوون و گیریان خواردبوو، ئەمڕۆ لەلایەن کەسوکاریان و چەند گەنجێکی ناوچەکەوە ڕزگار کران.


دوابەدوای بڵاوکردنەوەی وێنە و دیمەنی کەڵەکەبوونی بەفری سەر ڕێی ماڵەکەیان، دواجار ئەمڕۆ چەند هاوڵاتییەک بەهانای ئەو مامۆستا وانەبێژە کچانەوە ڕۆشتن کە ماوەی چوار ڕۆژە لە حاجی ئۆمەران دەرگایان لەسەر داخراوە و نەیاندەتوانی بچنەدەرەوە.

ڕەیان حەمید، یەکێکە لەو مامۆستا وانەبێژانەی شارەدێی حاجی ئۆمەران و بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، بارینی بەردەوامی بەفر نەیهێشتووە لەو ماڵەی تێیدا دەمێننەوە بچنە دەرەوە و بەوجۆرەش بەفرەکە ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر کەڵەکە بووە تا وایلێهاتووە ڕێگایان لێ بگیرێ و لە ماڵەکە گیربخۆن.

وتیشی: ئەمڕۆ کەسوکاریان لەو بارودۆخەی تێیکەوتبوون ئاگادارکردووەتەوە و ئەوانیش بە هاوکاری خەڵکی گوندەکە هاتوون بەدەمیانەوە و ڕێگایان بۆ کردوونەتەوەو خواردن و کۆمەکی پێویستیان بۆ هێناون.

لە ئێوارەی دوێنێوە تا درەنگانی شەو دووبارە شەپۆلێکی چڕی بەفربارین شارەدێی حاجی ئۆمەرانی گرتەوە و بەو هۆیەوە ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هاوڵاتیان دروستبوو، لە ئێستاشدا هاتووچۆ و جموجۆڵی ڕۆژانەی شارەدێیەکە بەتەواوی پەکی کەوتووە و بەفر لە چەند لایەوەکەوە بە بەرزی چوار مەتر ڕێگاوبانەکانی داپۆشیوە و کۆڵان و سەربانەکانی لەگەڵ یەکسان کردووەتەوە.

ئەو ڕووداوەش لەکاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهەمانشێوە ژمارەیەک پێشمەرگە لەڕێی بڵاوکردنەوەی دیمەن و ڤیدیۆی کەڵەکەبووی بەفرەوە، داوای بەهاناوەچوونیان کردو دواتر ئەوانیش ڕزگارکران.

ک.س