١٦ ملیار داهاتی ژینگە و ڕێگاوبان هەبووەو بۆ بوارەکە خەرجنەکراوە

هەرچەندە ساڵانە باجی ژینگە و بەکارهێنانی ڕێگاوبان بەشێکی داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ-ی پارێزگای سلێمانی پێکدەهێنێت، بەڵام لە چاککردنی ڕێگاوبانەکان و بەرەوپێشبردنی ژینگەی شارەکەدا خەرج ناکرێت، شۆفێرێکیش دەڵێت، نازانین ئەو پارەیە چی لێدێت.


ساڵانە بەپێی ڕێنمایی ژمارە ٧٩ی ساڵی ٢٠١٦ی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە تایبەتە بە ڕسووماتی هاتووچۆ لە هەرێم، لە کاتی نوێکردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێل، یان بەناوی خۆکردنی ئۆتۆمبێل بڕێک پارە بەناوی ژینگە و ڕێگاوبان لە شۆفێران وەردەگیرێت.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ-ی پارێزگای سلێمانی، داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ساڵی ڕابردوودا ١١٤ ملیار و ٣٣٨ ملیۆن و ٨٤٠ هەزار دیار بووە، بەشێکی ئەو داهاتەش لە کرێی بەکارهێنانی ڕێگاوبان و پیسکردنی ژینگە پێکهاتووە، کە خۆی لە ١٦ ملیار و ٦٠٣ ملیۆن دینار دەبینێتەوە.

ئاماری هاتووچۆی سلێمانی ئاشکرایکردووە، کە ٥٢٤ هەزار و ٤٥ ئۆتۆمبێل لە پارێزگای سلێمانیدا هەن، وەرگرتنی پارەی کرێی بەکارهێنانی ڕێگاوبان و پیسکردنی ژینگە بەگوێرەی جۆر-ی ئۆتۆمبێلەکان بەمشێوەیە دیاریکراوە:

ئۆتۆمبێلی تایبەت: ١٠ هەزار دینار ژینگە – ١٠ هەزار دینار ڕێگاوبان

ئۆتۆمبێلی کرێ: ١٥ هەزار دینار ژینگە – ٢٠ هەزار دینار ڕێگاوبان

ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر: ٢٠ هەزار دینار ژینگە – ٥٠ هەزار دینار ڕێگاوبان

ماتۆڕسکیل: ٥ هەزار دینار ژینگە – ٥ هەزار دینار ڕێگاوبان

بەوتەی ڕائید کاروان سدیق، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز، بەڕێوەبەرایەتییەکە ساڵانە ٥%ی داهاتەکەیان بۆ تووشبوانی شێرپەنجە تەرخانکردووە، هەروەها ١٧%ی داهاتەکە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەیە و باقی داهاتەکەیان دەگێڕنەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.

دەربارەی بەکارهێنانەوەی داهاتی کرێی بەکارهێنانی ڕێگاوبان و پیسکردنی ژینگە لە پرۆژە ژینگەیی و ڕێگاوبانەکاندا، وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت: بەداخەوە تاوەکو ئێستا سندووقێک بۆ کۆکردنەوەی کرێی بەکارهێنانی ڕێگاوبان و پیسکردنی ژینگە دانەنراوە، تا ئەو داهاتە بۆ ئەو دوو کەرتە تەرخان بکرێت.

سەرباری ئەوەشی کە ساڵانە کرێی بەکارهێنانی ڕێگاوبان لە شۆفێران وەردەگیرێت، بەڵام شۆفێران نیگەرانن لە خراپیی ڕێگاوبانەکان و دەڵێن: ئەو پارەیەی کە بۆ ڕێگاوبان لێمان وەردەگیرێت، لە چاککردن و دروستکردنی ڕێگادا خەرج ناکرێت.

جەمال نامیق، شۆفێری تاکسییە و حەوت ساڵە لە هێڵی کەلار-سلێمانیدا کاردەکات، بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: ئێمە هەر پێنج ساڵ جارێک ١٥٠ بۆ ١٧٠ هەزار پارەی ژینگە و ڕێگاوبانمان لێوەردەگیرێت، جگە لە پارەی سەرپێچیی کامێرا، کە هەموو ساڵێک ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هەزار پارەی سەرپێچیی کامێرا دەدەین، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگاوبانەکان زۆر خراپن، چاڵوچۆڵی زۆریان تێدایە، پردی دەرەدۆین لەسەر ڕێگای کەلار-سلێمانی ڕووخاوە بە بەرد چاکیان کردووە، نازانین ئەم هەموو پارەیە چی لێ دێت، چونکە بەهیچ شێوەیەک ئەم پارانە لە ڕێگاوبان و ژینگەدا خەرج ناکرێن.

س.ح