٢٠٪ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی هەرێم کراونەتە شوێنی نیشتەجێبوون

فراوانبوونی شارەکان و پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بوونەتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئامارەکان لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا یەک ملیۆن و ٦٥٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی دراونەتە دەستەی وەبەرهێنان و شارەوانییەکان و کراونەتە شوێنی نیشتەجێبوون، کە ئەوەش نزیکەی ٢٠٪ی کۆی زەوییە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.


کەرتی کشتوکاڵ لە جیهاندا، بە سەرچاوەی یەکەمی ئابووریی وڵات دادەنرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەم کەرتە بووەتە قوربانیی کەرتەکانی دیکە، جگەلەوەی ساڵانە کەمترین بودجەی بۆ دابین دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا فراوانبوونی شارەکان و دروستکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان، بوونەتە مەترسییەکی جددیی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان.

لەم ڕاپۆرتەدا باس لە هەندێک لەو گرفتانە دەکەین، کە دووچاری کەرتی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە و وایکردووە ئەم کەرتە گرنگە ئیفلیج ببێت، لە سەرووی هەمووشیانەوە سەرنج دەخەینە سەر تەرخانکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان.

کۆی ڕووبەری زەوی هەرێمی کوردستان ١٧ ملیۆن و ٨٠٥ هەزار و ٦٩٦ ملیۆن دۆنمە، لەو ژمارەیە شەش ملیۆن و ٧٨٧ هەزار و ٢٦٤ دۆنمی شیاوە بۆ کشتوکاڵکردن، دوو ملیۆن و ٧٥٤ هەزار و ٦٠٨ دۆنمیشی شیاونییە بۆ کشتوکاڵکردن، ئەوەی دەشمێنێتەوە شار و گوندەکانن.

واتە بەشێکی زۆری ڕووبەری زەویی هەرێمی کوردستان تەرخانکراون بۆ ماستەرپلانی شار و شارۆچکە و شارەدێکان و مەودایەکی کەم ماوەتەوە بۆ کشتوکاڵکردن.

سەرباری ئەوەش لەو ڕووبەرە زەوییە گونجاوە بۆ کشتوکاڵکردن، بەشێکی زۆری تەرخانکراوە بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان، کە بەپێی ئامارەکان لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا یەک ملیۆن و ٦٥١ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی دراوەتە دەستەی وەبەرهێنان و شارەوانییەکان پرۆژەی حکومیی و نیشتەجێبوونیان لەسەر بنیادنراوە، کە ئەوەش نزیکەی ٢٠٪ی کۆی زەوییە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

ساڵانە زیاتر لە ٣ ملیۆن و ٥٠٠ دۆنمی زەوییە کشتوکاڵییەکانی هەرێم بە گەنم و جۆ و دادەچێندرێن، جگەلەوەی چەندین جۆر بەرهەمی خۆراکیی و سەوزە و میوەیان لەسەر دەچێندرێت و بەشێکیان تەنانەت لە ڕێژەی پێداویستیی ناوخۆ زیاتریان لێ بەرهەمدێت.

ئەگەر پۆلێنکارییەک بکەین بۆ ئەو زەوییانەی تا ئێستا تەرخانکراون بۆ وەبەرهێنان بزانین لە ساڵێکدا چەندێک بەرهەم لەسەر ئەو ڕووبەرە بەدەست دێت:

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بۆ هەر دۆنمێک زەوی ٤٠ کیلۆ گەنمی دیارییکردووە تێیدا بچێندرێت، ئەگەر هەر ساڵێک ئەو گەنمە لانیکەم ١ بە ١٠ دەربهێنێت، ئەوا لە هەر دۆنمێکدا ٤٠٠ کیلۆ گەنم بەرهەمدێت، بۆ هەر ١٠٠ دۆنمێکیش دەکاتە ٤٠ تۆن گەنم، واتا ساڵانە لەسەر ئەو ڕووبەرە زەوییەی بۆ وەبەرهێنان تەرخانکراوە دەتوانرا ٦٦٠ تۆن گەنم بەرهەمبهێندرێت.

تەرخانکردنی ئەو ڕووبەرە زەوییە کشتوکاڵییە لەکاتێکدایە، بەپێی ماددەی ١ی یاسای پاراستن و پەرەپێدانی بەروبوومی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٠٨، زەوییە کشتوکاڵییەکان سامانی نیشتمانین و پێویستە خاوەن و پەیوەندیدارەکانیشیان بەپێی پلان و بەرنامەی حکومەتی هەرێم وەبەریان بهێنن، هەروەها ڕێگا بە هیچ شتێکیش نەدرێت ببێتە هۆی لەناوچوون و زیان پێگەیاندنیان.

هەر بەپێی بڕگەی ١ لە ماددەی ٣ی هەمان یاسا، جەختکراوەتەوە بایەخ بە زەوی کشتوکاڵیی بدرێت و بۆ جگە لە مەبەستەکانی کشتوکاڵ بەکارنەهێندرێت.

بەڵام بەپێی بڕگەی یەکەم لە ماددەی ٤ی یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٠٦ تایبەت بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، دەستەی وەبەرهێنان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، دەستنیشانی ئەو شوێنانە دەکات، کە بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنانی هەر پارێزگایەک تەرخان دەکرێن، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیە بەوە کرابێت، کە نابێت زەویی کشتوکاڵیی لەو پرۆژانە بەکاربهێندرێن.

حسێن حەمەکەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و نایشارێتەوە، کە گەورەبوونی شارەکان زیانی زۆری بە زەوییە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە و دەڵێت: لەم  چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی گەورەبوونی شارەکان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، ماستەرپلانی شارەکانیش گەورەبوون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە زەوی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان ببنە زەوی نیشتەجێبوون، بەڵام ئێمە داوامان کردووە ماستەرپلانی شارەکان بە ئاراستەی ئەو ناوچانەدا بچن کە زەوی بەردەڵانن و شیاونین بۆ کشتوکاڵکردن، بۆ ئەوەی چیتر زیان بەر زەوییە کشتوکاڵییەکان نەکەوێت.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ هۆشداریش دەدات، "ئەگەر هەر بەمشێوەیە بەردەوامبێت و ساڵانە ماستەرپلانی شارەکان فراوانببن و چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوا بێگومان زیانێکی زۆر بە زەوییە کشتوکاڵییەکان دەگەیەنێت".

یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی بەردەم پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان، بوونی زیادەڕۆییەکی زۆرە لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان، بەجۆرێک لە ئێستادا زیاتر لە ٩٠ هەزار باخ و ڤێلا لە هەرێمی كوردستان لە سەر زەوی كشتوكاڵی دروستكراون، كە زۆرینەیان خاوەنداریەتییەكەیان بۆ بەرپرسان و خەڵكانی باڵادەست و چینی سەرەوەی كۆمەڵگە دەگەڕێتەوە.

٢٢ هەزار بیری ئاو بەنایاسایی لەناو ئەو باخ و ڤێلایانەدا لێدراون، ئەوەش زیانی زۆری بە ئاستی ئاوی ژێر زەویی لە هەرێمی كوردستان گەیاندووە، بەو پێیەی هەرێمی كوردستان خاوەنی ٣٠ ملیار مەتر سێجا ئاوی سەرزەوی و ٥ ملیار مەتر سێجا ئاوی ژێر زەویە و ساڵانەش ٣ ملیار مەتر سێجا ئاو دێتە هەرێمی كوردستان لەبەرامبەردا بەكارهێنانی ئاو لە هەرێمی كوردستان ساڵانە ٨ ملیار مەتر سێجایە، بەهۆی خراپی پلانی حكومەت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی هەرێم نەتواندراوە وەك پێویست سود لەو سامانە سروشتیە وەربگیردرێت.

حکومەتی هەرێم نەک نەیتوانی لە ٢٩ ڕابردوودا کەرتی کشتوکاڵ پێشبخات، بگرە کەمترین بایەخیشی پێداوە، بەپێی ڕاسپاردەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت وڵاتان ساڵانە ١٠%ی بودجەکانیان تەرخان بکەن بۆ کەرتی کشتوکاڵ، بەڵام حکومەتی هەرێم لەو ساڵانەی بودجەی هەبوو لە باشترین حاڵەتدا بودجەی کشتوکاڵ ٤%ی تێپەڕنەکردووە.

جگەلەوەش خەڵکێکی زۆری بەشێوەی هەڕەمەکیی کردە مووچەخۆر و کۆچ لە گوندەوە بۆ شار پەرەی سەند، ئەمانەش وایکرد ئێستا کەرتی کشتوکاڵ یەکێک بێت لە کەرتە ئابوورییە لاوازەکانی هەرێمی کوردستان.

ک.س