٧٢ ڕۆژە مووچەیان پێ نەدراوە و ئەوانیش نەچوونەوە سەر کار

به‌هۆی خه‌رج نه‌كردنی موچەکانیان بۆ ماوەی ٧٢ ڕۆژ لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە، كۆمپانیای سه‌گرمه‌ کە ئەرکی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاکی ماڵانی سنووری گەرمیانی لە ئەستۆیە، کارەکانی هەڵپەساردووە و کرێکارەکانی مانگرتنیان ڕاگەیاندووە.


ماوەی سێ ساڵە كۆمپانیای سه‌گرمه‌ ئەرکی پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاكی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان وەرگرتووەو له‌ سنوری ١٥ شاره‌وانی كارده‌كات، زیاتر له‌ هەزار کارمەندی هەیە و بۆ هه‌ر كرێكارێك مانگانە ٣٠٠ هه‌زار دینار خەرجدەکات، ڕۆژانه‌ له‌ سنوری ئیدارەی گه‌رمیان، ٥٢٠ تۆن تۆ‌ن خۆڵ و خاشاك له گەڕەک و شوێنه‌ گشتییه‌كان هەڵدەگرێتەوە.

مەولود عومه‌ر، سه‌رپه‌رشتیاری گشتی كۆمپانیای سه‌گرمه‌ بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، له‌ كۆی ١٧٠ كرێكار له‌ناو شارۆچكه‌ی كه‌لار، ١٥٠ كرێكار مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و نه‌چوونە‌ته‌سه‌ر كار و ئاماده‌نین چیتر بەبێ مووچە كاربكه‌ن كه‌ زیاتر له‌ دوو مانگه‌ وه‌ریان نه‌گرتووه‌.

مەولود عومه‌روتیشی: مانگی تەموزی ساڵی ڕابردوو شارەوانییمان ئاگادارکردووەتەوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی خەرجکردنی پێشینەکەیان، بەڵام بۆ ماوەی چوارمانگ ده‌چێت كۆمپانیا هیچ پێشینه‌یه‌كی وه‌رنه‌گرتوه‌ له‌حكومه‌ت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وەش كۆمپانیا دوو مووچه‌ی خەرجکردووە بۆ كرێكاره‌كانی.

سه‌رپه‌رشتیاری گشتی كۆمپانیای سه‌گرمه‌، هۆشداریی ئەوەشیدا، کە لەئەگەری خەرج نەکردنی کرێکانیان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمەوە، كاره‌ساتی ژینگه‌یی لە ناوچەکە دەدات.

لە بەرامبەردا، به‌رزان كه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی شاره‌وانیه‌كانی گه‌رمیان به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، نوسراویان ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانیی كردووه‌ و ئه‌وانیش نووسراوه‌كه‌یان ئاڕاستەی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووە‌، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش نووسراوه‌كه‌ی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خه‌رجكردنی پاڵپشتی دارایی بۆ كۆمپانیایی سه‌گرمه‌، ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی كردووه‌، تا ئێستا نووسراوه‌كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ژمێریاریی وه‌زاره‌تی داراییه‌ و كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه‌.

 

ش.ف