پارتى سەوزى کوردستان بڵاویکردەوە، بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە بۆ سەر ناوچەکانى سنوورى بادینان، سێ ملیۆن دار لەناوچوون، دەشڵێن: لە ئێستادا پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە بە مەبەستى چاندنى یەک ملیۆن دار لە سلێمانى و دەوروبەرى.
ئەمڕۆ لە ساڵیادى دامەزراندنیاندا کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ژینگە، پارتى سەوزى کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان لە بارەگای خۆیان لە سلێمانی ڕیکخست و تێیدا بەیاننامەیەک لەلایەن دانا نەجمەدین، وتەبێژى پارتی سەوز خوێندرایەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: بە ئەنجام گەیاندنى سکاڵا لە دادگاى باڵاى عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژى تورکیا، کە بەشێوەیەکى زۆر دڕندانە و نا مرۆڤانە بە پیلانێکى داڕێژراو توانى نزیکەى سێ ملیۆن دار لە سنورى بادینان و پارێزگاى دهۆک لەناو ببات.
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو: لە ئێستادا پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە بە مەبەستى چاندنى یەک ملیۆن دار لە سلێمانى و دەوروبەرى.
پارتى سەوزى کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا داواش دەکات: کە سەرجەم هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان هاوکاریان بن لە پاراستن و بەرەوپێشچوونى سروشت و ژینگەى کوردستان.
ئ.م