پارتی سەوزی کوردستان مەترسییەکانی پرۆژەی گاپ بۆسەر عێراق دەخاتەڕوو

پارتی سەوزی کوردستان پرۆژەی گاپ بە هەنگاوێکی مەترسیداری  ژینگەیی و سیاسیی بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان ئەژمار دەکات و زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو پرۆژە پلان بۆ دانراوەی دەوڵەتی تورک دەکات.


پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، پارتی سەوزی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی ناڕەزایی لە بەرامبەر 'پرۆژەی گاپ' بۆ خەڵکی کوردستان، ڕێکخراوە ژینگەییەکان، ئازادییخوازان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا زانیاریی لەسەر پرۆژەکە خراوەتە ڕوو "وشەی(GAP) کورتکراوەی projesi Guneydogu Anadoiu واتا پرۆژەی ئەنادۆڵی مەزن، وشەی ئەنادۆڵ باشوری خۆرهەڵاتی تورکیا و باکوری کوردستان دەگرێتەوە.بەنداوی ئەلیسو " Ilisu Dam" یەكێكە لەو ٢٢ بەنداوەی پڕۆژەی گاپ یان باشوری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، كە بە وتەی خۆیان ئامانج لێی بەرهەمهێنانی وزەی هایدرۆلیكی و كۆنتڕۆڵكردنی لافاو و گڵدانەوەی ئاوە، بەڵام لەپاڵ ئەمەدا چەندین مەترسیی ژینگەیی و سیاسیی و ئابووریی و شوێنەواریی دەپێکێت بۆ ئەو وڵاتە".

لە بەردەوامییدا هاتووە"دوای تەواوبوونی بەنداوی ئیلیسۆ کە تورکیا ئاوی دیجلەی بەڕێژەیەکی کەم گرتووەتەوە ئەویش دوای فشارەکانی حکومەتی عێراق کە پڕکردنەوەی ئەو بەنداوە خاوبکاتەوە، بەڵام لە وەرزی هاویندا لە هەندێک شوێنی ڕوباری دیجلە مرۆڤ دەتوانێت بێترس لە ڕ٢وبارەکە بپەڕێتەوە، ئەگەر ئەم بەنداوە بەتەواوی بکەوێتە کار ئەوا ٣٠-٣٥٪ ئاوی دیجلە کەم دەکات ،بەوەش مەترسی ئەوە هەیە ٨٩٠ هەزار هیکتار زەوی کشتوکاڵی وشک ببن، چونکە دیجلە و فوڕات ٩٨٪ ئاوی عێراق پێک دەهێنن، ئەوا لە پێنج ساڵی داهاتوودا مەترسی زۆر گەورەی ژینگەی و مرۆیی ڕوو لە عێراق دەکات".

ئەوەش هاتووە"بەشێک لە شارەزایانی سیاسەتی ئاو پێیانوایە ئامانجی سەرەکی تورکیا لە دروستکردنی بەنداوەکان بۆ فشارخستنە سەر وڵاتانی دراوسێ بووە، بەجۆرێک تورکیا هەرکاتێک لەلایەن عێراق و سوریاوە ڕووبەڕووی مەترسییەک ببێتەوە، ئەوا دەتوانێت بە کارتی ئاو هەڕەشەیان لێ بکات".

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە"هۆکاری تێکدان و روخانی حەسەنکێف،  دەگەڕێتەوە بۆ دروستکردنی  بەنداوی  "ئیلیسو" ئەوەش لەچوارچێوەی پرۆژەی "گاپ" کە زۆربەی بەشەکانی ئەم پرۆژەیە لە شارەکانی باکوری تورکیا جێبەجێ دەکرێن و ڕاگواستنی خەڵکی ئەم ناوچە کورد نیشینانە، کە بە شەش ملیۆن کورد لە شوێنی خۆیان و کۆچکردنیان بۆ ناوچە تورکەکان، هەروەها داپۆشینی شوێنەواری مێژوویی کە ژمارەیان ٨٢ شوێنەوار زیاترە کە گرگترینیان شوێنەواری (حەسەن کەیف)ە".

لەبارەی حەسەن کێف-یشەوە هاتووە"مێژووەکەی ١٢ هەزار ساڵە و زۆربەی سەردەمە مێژوییەکانی ئەم ناوچەیەی بەخۆوە بینیەوە، ناوچەیەكی كوردنشینە و دەكەوێتە باكوری كوردستان، مێژوەكەی  بە یەكێك لە دێرینترین شارەكان هەژماردەكرێت، لە ئێستاشدا ئەو شارە لەژێر هەڕەشەی ژێرئاوكەوتنی بەنداوەكەی توركیادایە، هەروەها ئەمانە و چەندین زیانی ژینگەیی و کشتوکاڵی و بێکاریی و بە بیابان بوونی ناوچەکان .....هتد".

لە کۆتاییشدا هاتووە"پارتی سەوزی کوردستان زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو پرۆژە پلان بۆ دانراوەی ڕژێمی تورکیا دەکات و بە هەنگاوێکی مەترسیی  ژینگەیی و سیاسی بۆ سەر عێراق و کوردستان ئەژماری دەکات".

ش.ف