پسیبوونی ژینگە هاوڵاتیانی سنووری هەولێری هێنایە سەرشەقام و ناڕەزاییان دەربڕی

لەبەرامبەر پیسبوونی ژینگەكەیان و هەبوونی بۆنێكی ناخۆش، دانیشتوانی سێ گوند لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕێگریان لەو تانكەرانە کرد، کە پاشماوەی ماڵان دەبەنە سنوورەکەیان، شۆفێرەکانیش دەڵێن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان مۆڵەتیان پێداون.


كەمێك پێش ئێستا دانیشتووانی هەریەكە لە گوندەكانی 'عەزە و سەردار و بێریات' لە سنووری هەولێر، ڕێگای تانكەرەكانی پاكردنەوەی ئاوەڕ و پاشەڕۆیان گرت، کە لە نزیک گۆندەکانی ئەوان دەیڕێژن.

هاوڵاتیانی ئەو گوندانە دەڵێن، تانکەرەکان هەرچی پاشەڕۆ و پیسیی تەوالێتەکانی هەولێر لە نزیک ماڵەکانی ئەوان دەیڕژێنن، ئدریس مستەفا هاوڵاتییەکەی بەشدار لە گردبوونەوەکەیە و دەڵێت، "جگە لە بۆنێکی ناخۆش، هەرچی نەخۆشی و ڤایرۆس هەیە هەموو بۆ سەر ئێمە دەهێننێت".

هاوڵاتیان داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن ئەو تانكەران لەوان دووربخەنەوە، "چونكە بەراستی گوندەكەمان ژیانی تێكچووە".

لە بەرامبەردا فەرهاد حیدەر  یەكێك لە شوفێری تانكەرەكانی بە ڕۆژنیوزی وت، ئەوان کێشەیان لەگەڵ خەڵکی گوندەکاندا نییە، دەشڵێت:"ئێمە حكومەت و پارێزگار و قائیمقامیەت ڕێگای پێداوین كە ئێمە پیساییەكان لێرە بەتاڵ بكەین، ئەگەر حكومەت شونێكی دیکەمان بۆدابین بکات ئێمە نایەینە ئێرە".

بۆ گەیاندنی دەنگی هاوڵاتیان، هەوڵماندا وەڵامی نەبەز عەبدلحەمید قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر وەربگرین، بەڵام پەیوەندییەكە بەردەست نەبوو.

ئەو سێ گوندە نزیکەی هەزار ماڵی تێدایە و ٢٥ كیلۆمەتر لە شاری هەولێرەو دوورە، ئەو شوێنەشی تانکەرەکان پاشماوەکان ڕۆدەکەن، کەمتر لە کیلۆمەترێک لەو گوندانەوە دوورە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە، لە ئێستادا قەدەغەی هاتووچۆ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا ڕاگەیەندراوە.

 

س.ح