پلانی ئاو بۆ ساڵی داهاتوو دادەندرێت

بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتیی ئاوی هەرێم، ئاماژە بۆ کەبوونەوەی کێشەی ئاو دەکات لە هەرێمی کوردستان و دەشڵێت، کە پلانی ئاو بۆ ساڵی داهاتوو دادەنێن.


ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگار و نوێنەری پارێزگاكانی هەرێم و وەزارەتی شارەوانی، مەسعود كارەش، بەڕێوەبەری ئاوی هەرێم کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی لە بیانی وەزارەتی شارەوانی لە شاری هەولێر ئەنجامدا.

مەسعود کاڕەش، لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا هەرێمی کوردستان ژێرخانێکی ئاوی باشی هەیە، گەڕانەوەی بەشێکی ئاوارەکانیش وایکردووە کێشەی کەم ئاویی کەم ببێتەوە، بەڵام هێشتا کێشەمان ماوە.

وتیشی: ئەمڕۆ پلانی ساڵی داهاتوو دادەنێین و پێداچوونەوە بە پلانی ساڵانی ڕابردوودا دەكەینەوە.

ناوبراو، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە لە مانگی حەوتی ئەمساڵ دەستكراوە بە خوێندنەوەی پێوەرەكان و لەکۆی ٨٠٠ هەزار هاوبەشی ئاو لە هەرێمی كوردستان هەیە و تا ئێستا ٥٥٠ هەزار پێوەر بەستراوە رۆژانەش دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ هەرێم دابین دەكرێت، كە خەرجی هەر مەتر سێجایەك ٤٠٠ دیناری عیراقی تێدەچێت.

هەرچەندە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێم دەڵێت، کێشەی ئاو کەمبووەتەوە، بەڵام لەبارەی ئەو سەرچاوە ئاوییانەی كە لەلایەن توركیا و ئێرانەوە دەگیرێنەوە وتی: ئەو سەرچاوانەی گیراونەتەوە كێشەی زۆری بۆ دروست كردووین، بەڵام ئەم دۆسیەیە زیاتر پەیوەندیدارە بەوەزارەتی كشتوكاڵەوە.

جێگای ئاماژەیە بەهۆی کێشەی کەمیی ئاوەوە ساڵانە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی هاوڵاتیان بەڕێوەدەچێت.

ئەمە جگە لەوەی گرتنەوەی ئاو لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، دەبێتە هۆی لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆر ماسیی و وشکبوونی کشتوکاڵ.

ش.ف