پلانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بۆ پێنج ساڵی داهاتوو ئاشكرا دەبێت

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، پلانێكی پێنچ ساڵە بۆ هاندانی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، لەو ماوەیەدا هاتنی گەشتیاران لە نەورۆزدا دەگەیەننە دوو ملیۆن گەشتیار.


وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، لە ڕێگای ڕۆژنیوز-ەوە ئامادەكارییەكانیان بۆ یادەكانی ئازار و نەورۆز دەخاتەڕوو، پلانێكی پێنچ ساڵەش بۆ هاندانی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم ئاشكرادەكات.

نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، پلانی ستراتیژییمان بۆ پێنج ساڵ داڕشتووە دەمانەوێت پەرە بە كەرتی گەشتیاریی بدەین بەتایبەتی لە نەورۆزاندا، كار بۆ ئەوە دەكەین هەرێمی كوردستان ببێتە ناوەندێكی گەشتیاریی.

نادر ڕۆستی، ئاشکرای کرد، کە چۆن کار بۆ ئەو ئامانجە دەکەن و وتی: دەمانەوێت كەرنەڤاڵی جیاواز بكەین، وەك یەكەم ساڵ كەرنەڤاڵەكە ڕادەگەیەنین و كار بۆ ناساندنی دەكەین، لەگەڵ رێكخراوە مەدەنییەكان كار دەكەین و لە ڕێگای دەزگاكانی راگەیاندنیشەوە كاری لەسەر دەكەین و بڵاویدەكەینەوە، ئامانجیشمان ئەوەیە هاتنی گەشتیاران لە نەورۆزدا بگاتە دوو ملیۆن گەشتیار.

ڕۆستی زانیاریی زیاتری دا و وەک ئەو باسیکرد، ئێستا جگە لەو پلانە ئامادەكاریی كراوە بۆ پێشوازیی لە میوانانی نەورۆز لەكەرتە تایبەتییەكان و كەرتی گشتیی و هەموو ئامادەكارییەك تەواو بووە وەك هوتێل و چێشتخانەكان.

لەبارەی چاودێرییکردنی نرخی میوانخانەکان لە نەورۆزدا، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، وتی: ئێمە چاودێریی دەكەین و ناهێڵین كاری نایاسایی بكرێت، بەتایبەتی نرخی كەپرەكان لە ١٠ تا ٣٠هەزار دینار دەبێت و نرخەكانیش لە چێشتحانە و شوێنە گەشتیاریەكان هەڵدەواسرێن و دەبێت هەموو نرخەكان ئاشكرابن، ئەوەش بۆئەوەی گەشتیاران نەخرێنە ژێر فشارەوە.

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، باسی لەوەش كرد، "لە ساڵی رابردوو ٢٢٢ هەزار گەشتیار لە نەورۆزدا ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەگشتییش لە ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لە سێ ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، بەڵام بۆ ئەمساڵ كاردەكەین ژمارەكە بۆ سێ ملیۆن و نیو بەرز بێتەوە".

ئاماژەی بەوەش كرد، پێشانگایەكی نێودەوڵەتیی دەكرێتەوە، كە كۆمپانیاكانی گەشتیاریی عەرەبی و ئەوروپی و نێودەوڵەتی تێیدا بەشدار دەبن و قەبارەیەكی گەورەی دەبێت و گەشتیش بۆ كۆمپانیا گەشتیارییەكان ڕێكدەخرێت و لە ڕۆژی كۆتایی ئاهەنگی نەورۆز ئەنجام دەدرێت.

 ك.س