پێنجوێن، ئاگر لە ٤٠٠٠ دار بەردرا

لە سنووری شارۆچکەی پێنجوێن چوار هەزار دار بڕدران و ئاگریان تێبەردرا.


بەگوێرەی لێدوانێکی نووسراوی عەمید هێمن کەمر، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، لە سنووری گوندەکانی ( بناوە سوتە و سەرنەوان ) لە شارۆچکەی پێنجوێن-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، سێ هاوڵاتی چوار هەزار داری سروشتییان بڕیوەتەوە و ئاگریان تێبەرداوە.

هەر بەپێی لێدوانەکە، دوای ئاگادارکردنەوەیان، مەفرەزەیەک لە بەشی پۆلیسی دارستانی پێنجوێن گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە و دوای هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر توانیویانە ئاگرەکە بکوژێنەوە و دەست بگرن بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە داری بڕاوەدا بگرن.

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، کەپەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.

لە کۆتایی لێدواکەشیدا، عەمید هێمن، داوای لە هاوڵاتیان کردووە، کە لەپێناو پاراستنی سروشت و ژینگەی کوردستاندا، پابەندبن بەڕێنمایەکانی پۆلیسی دارستان.

لێدوانە نووسراوەکە روونینەکردووەتەوە، کە ئەو دارانە بەچ مەبەستێک بڕدراون و سوتێندراون.

ش.ف