پێنجوێن، زیاتر لە 3 هەزار دۆنم دارستانی سرووشتی سووتا

لەسنوری شارۆچكەی پێنجوێن، زیاتر لە سێ‌ هەزار دۆنم دارستانی سرووشتی سوتا، گومان دەكرێت هۆكاری ئاگر كەوتنەوەكە تەقەی سوپای پاسداران بووبێت.


پاش دوو شەو و سێ ڕۆژ لەكەوتنەوەی ئاگر، ئێوارەی ئەمڕۆ توانرا ئەو ئاگرە كۆنترۆڵ بكرێت كە لەسنوری شارۆچكەی پێنجوێن كەوتبووەوە و بە وتەی ژینگە پارێزێك گومان دەكرێت هۆكاری ئاگرەكە تەقەی سوپای پاسداران بووبێت.

ڕێبوار كەمال بەرپرسی ڕێكخراوی ملەكەوە بۆ پاراستنی ژینگە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:"پاش دوو شەو و سێ ڕۆژ لەكەوتنەوەی ئاگرێكی گەورە لەسنوری شارۆچكەی پێنجوێن ئێوارەی ئەمڕۆ بەهەوڵی گوندنشینان و پۆلیسی دارستانی پێنجوێن، لەگەڵ ئەندامانی ڕێكخراوەكەمان توانرا ئاگرەكە كۆنترۆڵبكرێت.

وتیشی:بەهۆی ئاگرەكەوە زیانێكی گەورە بەر دارستانی ناوچەكە كەوت سێ‌ هەزار و 200 دۆنم دارستانی سرووشتی سوتا، گومانی زۆریشمان هەیە ئاگرەكە بەهۆی تەقەی هێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بووبێت و بەفیشەكی ئەوان ئاگرەكە كەوتبێتەوە، چونكە ئاگرەكە نزیك بازگەی پاسدارانی ئێران بووە لەسنوری گوندی گۆخڵان كەبەشێوەیەكی فراون كەتبوەوە.
 
وتیشی: بەهۆی سەختی ناوچەكە و بوونی مین و تەقەمەنیەكی زۆر لەناوچەكەدا، كوژاندنەوەی ئاگرەكە سەختبوو، جگە لەوەش لەگەڵ نزیكبونەوەی هاوڵاتیان بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە بنكە سەربازییەكانی ئێران تەقەیان لەهاوڵاتیان دەكرد.

د.ح